خەبات- چیادۆست ڕەسووڵ
لە دەڤەری قەڵادزێ، دوو هاوژینی شاخەوان و ژینگەدۆست بە ناوی محەمەد چاوشین و ڕێژنە ساڵح، هەڵمەتێکی جوان و گرنگیان دەستپێکردووە. هەموو ساڵێک لە وەرزی چاندندا، لەگەڵ خۆیاندا سەدان دەنکە بەڕوو دەبەنە شاخەکان و لە شوێنی گونجاودا دەیچێنن.
محەمەد چاوشین، کە هاوکات بەرپرسی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانە، بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: «هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی لە بەرانبەر ژینگەدا لەسەر شانە. ئەم ئەرکە زۆر سادەیە؛ ئەگەر خزمەتی ژینگەش ناکەیت، لانی کەم پیسی مەکە.»
ئەو دوو هاوژینە بڕوایان وایە سرووشت و ژینگە وەک دەرمانخانەیەکی گەورە و بێ بەرانبەر وان بۆ مرۆڤ، کە بۆ تەندروستیی جەستەیی و دەروونی زۆر پێویستن. تاکە ئەرکی سەرشانی ئێمەش تەنیا پاراستنیەتی نەک زیانگەیاندن پێی.
ڕێژنە ساڵح، کە زیاتر لە 10 ساڵە شاخەوانی دەکات، دەڵێت: «چێژێکی زۆرم لە جوانیی سرووشت وەرگرتووە، بۆیە حەز دەکەم وەک ئەرکێک، خزمەتێکی بچووکی بکەمەوە.»
ئەو زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە داربەڕوو تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ڕاستە درەنگ گەشە دەکات، بەڵام کاتێک ڕەگ دادەکوتێت، زۆر بەهێز دەبێت و خاک دەپارێزێت. جگە لە ئاگرکەوتنەوە کە مرۆڤ لێی بەرپرسە، بە ڕووداوە سرووشتییەکان بە ئاسانی لەناو ناچێت و دەتوانێت سەدان ساڵ بمێنێتەوە.
ئه‌و دوو هاوژینه‌ ژینگه‌پارێز و شاخه‌وانه‌ بۆ (خەبات )، باسیان لەوە كرد، کە هه‌موو ساڵێك له‌ وه‌رزی چاندنی به‌ڕوودا و له‌كاتی گه‌شته‌كانیاندا بۆ ناوچه‌ كوێستانییه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆر دەنكی به‌ڕوو له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌ن و له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆ چاندن و پێگه‌یشتن گونجاون، به‌ڕووه‌كان ده‌چێنن.
ڕێژنه‌ ساڵح، له‌وباره‌یەوە گوتی: «به‌ڕوو ئه‌گه‌رچی زوو چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و ده‌ڕوێت، به‌ڵام دره‌نگ گه‌شه‌ ده‌كات. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنیشیدا كه‌ ڕه‌گه‌كانی به‌ ناخی زه‌ویدا چووه‌ خواره‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خاكه‌كه‌ پته‌وتر ده‌كات، هاوكات داره‌كه‌یش به‌ هیچ ڕووداوێكی‌ سرووشتییه‌كان له‌ناو ناچێت، جگه‌ له‌و ئاگر كه‌وتنه‌وانه‌ی كه‌ مرۆڤه‌كان به‌رپرسن لێی، چونكه‌ دارێكی به‌هێز و ڕه‌گ داكوتراوه‌ و سه‌دان ساڵ وه‌كو خۆی له‌ناو سرووشتدا ده‌مێنێته‌وه‌ .
ڕێژنه‌ هه‌روه‌ها گوتی: 10 ساڵ زیاتره‌ شاخه‌وانیی و گه‌شت و گه‌ڕانی ناو سرووشت ده‌كه‌م، چێژێكی زۆرم له‌و سرووشته‌ جوانه‌ وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ منیش حه‌زده‌كه‌م، وه‌كو تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌شێكی بچووك له‌ ئه‌ركه‌كانی خۆم له‌ به‌رامبه‌ر ژینگه‌دا جێبه‌جێ بكه‌م. دەشڵێت: زیانگه‌یاندن به‌ ژینگه‌ كوێستانییه‌كان وه‌كوو ژینگه‌ی ناو شاره‌كان نییه‌، هه‌ر جۆره‌ زیانگه‌یاندنێك به‌ سرووشتی ناوچه‌ كوێستانییه‌كان، هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌.
ئەم دوو هاوژینە دەشڵێن: ئاووهه‌وای كوردستان گونجاوه‌ بۆ چاندنی به‌ڕوو و بادام و قه‌زوان، ئه‌م دره‌ختانه‌یش له‌ دره‌خته‌ هه‌رە به‌هێزه‌كانن، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌ سرووشتییه‌كاندا هه‌میشه‌ پارێزراون و سه‌دان ساڵ له‌ناو ژینگه‌دا ده‌مێننه‌وه‌.
محەمەد چاوشین دەڵێت: بۆ چاندنی بەڕوو، ئه‌و چاڵه‌ی هه‌ڵیده‌كه‌نیت پێویسته‌ له‌ بیست سانتیمه‌تر كه‌متر نه‌بێت، ئه‌و شوێنه‌ی به‌ڕووه‌كانی ده‌خه‌یته‌سه‌ر پێویسته‌ گڵی نه‌رم بێت، له‌كاتی دانانی به‌ڕووه‌كاندا هه‌وڵبده‌ به‌ڕووه‌كان كه‌لێنێك له‌ نێوانیاندا هه‌بێت. به‌ڕووه‌كان به‌شێوه‌ی ئاسۆیی یان ستوونی دابنرێن هیچ كێشه‌ی نییه‌ و زۆر زوو ڕه‌گ داده‌كوتن و گه‌شه‌ ده‌كات.
ئەم دوو هاوژینە ژینگەپارێزە داوا لە گرووپەکانی شاخەوانی و هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانی شاخ و کوێستانەکان دەکەن، لە وەرزی چاندندا لەگەڵ خۆیاندا مشتێک بەڕوو، قەزوان یان بادامی کێوی ببەن و لە شوێنێکی گونجاودا بیانچێنن. بەم کارە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی و ژینگە دەگەیەنن.