کاک حوسێن کوردنەژاد، نموونەی ژینێکی شکۆمەند

535

محەمەد کەریمخان

“سەبری زۆری پێدەوێ ئەو پیرەبابەی چەرخی ژین

تا کوڕێکی دیی وەکوو تۆی لێ ببێ دایکی زەمین“

کورد تا ڕادەیەک سەرمایەی زانستی هەبووە و هەیە، کە توانیویانە بە بەرهەمی نەرم ئاستی توانای میللەتەکەیان لە ڕووی جیهاندا نیشان بدەن و لە ناوەخۆشدا، وەک سیمبولی ناسنامەساز، ببنە میراتێکی مەعنەوی و ئاوێنەیەکی پەروەردەیی. یەکێک لەو کەسایەتییە ڕەند و مەندانە، کە هەموو ژیانی بۆ بەرژەوەندیی گشتی تەرخان کردووە، جەنابی کاک «حوسێن کوردنەژاد» بوو کە بۆ بەرەی تازە پێویستی بە وەبیرهێنانەوەی زیاتر هەیە. هەرچەندە ئەو لە سەر بنەمای بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بۆ ژیان کەسێکی خاکەڕا بوو و بە قەولی خۆی: “هەموو شتێک لە ژیانی مرۆڤدا ڕێکەوتە؛ بۆیە دەبێ خاکینە و نۆڕماڵ بین؛” بەو دیدەوە، لە کاتی ژیانیدا نە خۆی حەزی لە دەرکەوتن بوو نە ڕێگەی دەدا باوکیشی، کە بژاردەیەکی فەرهەنگی بوو، پێیدا هەڵبگوترێ. هەروەها لەباری ئەدەبیشەوە هەڵسەنگاندنی ئوستاد لە لایەن شاگردەوە نیشانەی ناپوختەییە و خامەی وەسفیشی خامی دەگەیێنێ؛ بەڵام لێرەدا بە مەبەستی نموونەناسی وەسفێک لە کەسایەتییەکی شەڕافەتمەند و شوناسبەخش بۆ نەوەی ئێستا و ئایندە بە گرینگ زانراوە. بۆیە جێی خۆیەتی ئەو سەرمایە مرۆییە، بە چاویلکەی کۆمەڵناسیی مێژوویی، لە چەند ئاستێک و لە چەند ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی، زانستی و سیاسیدا بدیترێت .

بەوپێیەی بەستێنی ژیان چۆنییەتیی شکڵگرتنی کەسایەتی و هزری تاک دەخاتە ڕوو، کاک «حوسێن» لە دایک و بابەوە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاری هەبوو و وەک خانەوادەیەکی فەرهەنگی و سیاسی سەرچاوە و ئەنبارێکی پەروەردەیی دەوڵەمەندی هەبوو. باوکی ئەو دکتۆر «یووسف کوردنەژاد» پارێزەر، شاعیر و کەسایەتییەکی جێ متمانە و کاریگەری ناو کۆمەڵ بوو. جگە لەوەی ئەو باوکە دەستی ڕۆیینی گرتبوو، لە سەر بەڕی باب و باپیرییەوە لەگەڵ ناوداران دانیشتبوو و، سەرەڕای جیاوازیی تەمەن، دۆستایەتی لەگەڵ سەران و ڕووناکبیراندا هەبوو. هەروەها لە شاری ورمێ، کە شاری ڕەنگە جۆراوجۆرەکانە، گەورە ببوو و لە باشترین دەبیرستانەکانی شاری تاران خوێندبووی. دواتر بۆ خوێندن چۆتە تورکیا، بریتانیا و سۆئێد و ماوەیەکیش لە فەڕەنسادا ژیا و بە دیدێکی مێژووناسانە ژیار و فەرهەنگەکانی ئەوێی دەدایە بەر خوێندنەوە. هەروەها چەندین کەشی ئایدۆلۆژیک و حکوومەتی جیاوازی بینیبوو و لەویشدا کۆڵێک ئەزموونی کەڵەکە کردبوو.

وێڕای ئەوەی لە ناو بنەماڵەیەکی زەنگین و خۆناسدا گەورە بووە و هەنبان و پاشەرۆکی پەروەردەیەکی پڕ و پتەوی هەبوو، وەک کەسێکی ئادابزان و ئابڕوومەند، مەزهەری ئەخلاق بوو کە نژم و نەجابەتی لێدەباری. هەروەها وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن شەئن و شوناسێکی خۆکرد، پرەنسیپ و شێوەژیانی تایبەت بە خۆی هەبوو. بە جۆرێک کە ڕەفتار و گوفتاریشی وەک زانستەکەی هەمووی وانە و ئامۆژەی ژیان بوون. بە فەرمایشی خۆی: “مرۆڤ ئەڵماسێکی کەڕامەتی لەناو دڵدایە و دەبێ هەمیشە بیپارێزێ.”

ئەو لە ژیانێکی ئارام و خۆشدا، لە پێناو نەتەوە و نیشتیمانەکەی و وەرگرتنی زانست، ئاوارەیی و سەختیی هەندەرانی هەڵبژارد. سەرەڕای ئەوەی نیو سەدە لە ئەوڕووپا ژیا و لە تەمەنێکی کەمدا بووە کەسێکی ڕۆژئاوادیتوو، بەڵام وەک تاکێکی خۆئاگا کێیەتی خۆی هەر بە کورد دەدی. واتە، وەک خۆوەڵاتییەک قاڵبووی دابی بەرزی کوردەواری بوو و، وێڕای بیری شارستانیانەی، ڕەفتاری خۆی لە سەر ڕیشەی کەلتووری کوردەواریدا دەڕواندەوە. بە جۆرێک کە، بە هەڵسوکەوت کوردانە و بە بیریش کەسێکی مۆدێرن بوو کە “عەقڵی بە ئۆتۆریتە دەزانی.” لە ئەورووپاش پلە و پۆستی ئەوێی نەدەویست و خۆی وەک سەفیری فەرهەنگیی کورد دەدیت و بە پرەستیژ و توانای زانستیی خۆی هەوڵی دەدا ناسنامەی کورد لە میللەتێکی ژێردەست و ستەمدیو بکاتە میللەتێک کە توانای ئەوەی هەیە خزمەت بە مرۆڤایەتی و بە جیهان بکات.

بەو ئاڕمانانەوە، نەهامەتیی ژیانی دیاسپۆڕای لە ڕەنجەوە کردە گەنجینەی دەرفەت بۆ خۆپێگەیاندن و ئافراندن. بە عێزەتەوە گەشەی کردبوو و “پێش ئەوەی بێتە ناو سیاسەت لە ڕووی زانستییەوە خۆی پڕ کردبوو.” پەلە و هەڵپەیەکی نەبوو و پێی وابوو “تا لە ڕووی زانست و زانینەوە تەیار نەبی نابێ بێیە ناو قۆناغی بەرهەمهێنان.” لە ڕێگەی خەباتیشدا پێی وابوو کە “بە بێ پشتبەستن بە زانست کاری سیاسیی گەورە و گرینگیش ناکرێن،” بۆیە چووە ناو زانستێکی پەیوەندیدار بە دۆز و دۆخی کورد. جگە لەوەی لە ئەورووپا بە پاکی کاری دەکرد و لە سەر پێی خۆی دەژیا، لە مەیدانی سیاسیشدا دانەدەبڕا، بە شێوەیەکی جیددی دەرسی بۆ فێربوون و بەکارهێنانی دروست خوێند .

پسپۆڕییە جیاوازەکانی ئەو لەبارەی فەلسەفە، سیاسەت، ئابووری، جوگرافیا و دێمۆگرافیا دیدێکی فرەڕەهەندی بۆ پەرەسەندن پێدابوو. بەو حاڵەشەوە خۆی لە بابەتێک دەبوارد کە تێیدا پسپۆڕ نەبوو. بەردەوام لە دەوری زانستی دێمۆگڕافیا، کە پسپۆڕیی سەرەکیی خۆی بوو، دەخولایەوە و لە ئاسۆگی دێمۆگرافیدا هیوای بە سەرکەوتن و پێشکەوتنی کورد هەبوو و وەک ڕێکار بیست ساڵان لە سەر ئەوە پێداگر بوو کە پێویستە خوێندنی پیشەیی پڕ کوالێتە لە هەرێمی کوردستاندا ببێتە کاری سەرەکیی حکوومەت.

جگە لە زانست، یەکێک لە ئاچەرەکانی ئەو زمانە زیندووەکان بوو و لە هزری ئەودا “زمان مرۆڤ ساز دەکات؛” بۆیە دیدێکی دووربین و بیرێکی بەرینی هەبوو. جگە لە کوردی، زمانەکانی فارسی، تورکی، ئینگلیزی و سۆئێدی بە باشی دەزانی و لە فەرهەنگی پشتی زمانە بیانی و کۆدە کەلتوورییەکانیان تێدەگەیی. بەو کلیلانەوە توانی کڵۆنی دەروازەی زانست بکاتەوە.

وێڕای پاشخانی خوێندن، زمان و ئەزموون، مێشکێکی کارا و چالاکی هەبوو و هۆشێکی بەبڕ و بەوردەی هەبوو. بەر لەوەی لە زانستی مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا قووڵ بێتەوە، زەینی بە بیرکاری کراوە ببوو، بۆیە لەو زانستانەدا تیژ و وردبین بوو. هەروەها چۆنییەتی بۆچوونی بۆ بابەتەکان جێی سەرنج بوو. لای ئەو “چۆنییەتی بیرکردنەوە لە خودی بیرکردنەوەکە و کردەیەک گرینگتر بوو و بیرکردنەوەی پێ قورستر بوو لە کار و خوێندنەوە.” شێوازی بیرکردنەوەکەی، لە سەر ڕەگی مەعریفە و بنەما تیۆرییەکان، مێتۆدۆلۆژیک بوو و زۆربەی پرسەکانی وەک وێنەی گەورە و دیاگڕام وێنا دەکرد. بەو جۆرە، جگە لە مۆدێلسازی و فۆرمۆڵەکردنی بابەتەکان، نەزمی لە ئانالیزدا هەبوو.

بەو هۆش و زانستەوە، جگە لە ناسینی ستراکچەری سیاسەتی جیهان، ترێند و ڕەوتەکانی بەوێنەی مەتەڵ هەڵدەهێنا و توانای کۆدشکێنی ڕووداو و هەواڵەکانی هەبوو. بە تایبەتی، لە تەنگاوی و کاتە هەستیار و خێراکاندا شیکردنەوەی خێرا و چرکەیی وردی بۆ ڕووداو و سێناریۆ ئەگەرییەکان هەبوو. بۆ نموونە هەر ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، پێشبینی پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکەی کرد کە دوای چەند هەفتەیەک هاتنەدی… . هەروەها لە نووسین و ئاخاوتەدا بەرەو تراویلکەی بە ڕواڵەت دیار و دڵخواز نەدەڕۆیشت، بەڵکوو بیرکردنەوەیەکی شێوازمەند و بەڵگەمەند ئەوی بەرەو دەرئەنجامی پەسەند دەبرد و دوایێ دەگەیشتە قۆناغی دۆزینەوە و بەرهەمهێنان. بەو توانايانەوە، قەڵەمێکی بە ویقاڕ، پۆزەتیڤ و پێداگۆجیکی هەبوو، کە جگە لە فێرکردن و دەوڵەمەندکردنی هزری مرۆڤ، ڕەفتاری خوێنەریشی ڕێک دەخست. بە جۆرێک کە قسە و نووسینی ئەو هەژموونی دەنواند و بە بێ ئاماژە بە سەرچاوە وتەکانی دەناسرێنەوە.

بەو بزاوتە، لە ناو مەیدانی ئاکادێمیکی دەرەوەشدا، وەک ئاکادێمیستێکی نێودەوڵەتی، بووە نوخبەیەکی دیار. جگە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە ئاکادێمیستەکان و ناوەندە زانستییەکانی جیهان، و وێڕای وتار و توێژینەوە، بۆ سێ پایتەختی وڵاتانی ئەوڕووپا (ئۆسڵۆ، ئەمستەردام و کۆپێنهاگن) گەڵاڵەی پەرەسەندنی داڕشت. بەو ڕوانین و ڕۆیینە نەرمەوە توانی دۆستی ئاکادێمیستیش لە دەرەوە بۆ کورد پەیدا بکات.

لەو تەمەنەدا و بەو نەخۆشییەوە هەر تینووی فێربوون و زانست بوو و لێی دانەدەبڕا و ڕۆژانە شتی نوێ فێر دەبوو. تا ئەو کاتە ژانی مەرگ بەرۆکی گرت و دڵی میهرەبانی وەستا هەر خۆی فێر دەکرد و قەڵەمی سازێنەر و بونیادنەرانەی بۆ زانست، بۆ مرۆڤ و بۆ کورد نەوەستا. بە جۆرێک، پێش کۆچی دوایی سەردێڕی سێ بابەتی نووسیبوون.

بە وێنەی دڵە گەورەکەی، کە بە نەداریش هەر سەخی سرشت بوو، لە پێدانی زانستیشدا حاتەمی تایی بوو. وەک چۆن تێنییەتیی فێربوونی نەدەشکا، تینووی ئاگاییبەخشی بوو و خۆشترین کات و کار بۆ ئەو ئامۆژیاری و وانەدانەوە بوو. هەستێکی باوکانە و دڵسۆزانەی هەبوو؛ بۆیە هەر هەوڵی پێگەیاندنی گەنجانی دەدا. بەو ئاراستەیەدا، یەکێک لە کارەکانی دیکەی بەرین کردنی تۆڕی دۆستایەتیی نێوان زانستمەندانی توانای کورد بوو.

لە زمانی ئەودا: “ئەگەر بمانەوێ مرۆڤانە و نەتەوەسازانە بیر بکەینەوە دەبێ هەموو کەسێکمان بۆ گرینگ بێت،” بۆیە لێبڕاوانە هاوکاریی هەمووانی دەکرد. بە تایبەتی، زۆر جار بۆ ئیلیتە ڕاستەقینە و “بێ دەنگەکان” دەگریا و لە بنەوەڕا کاری بۆ دەکردن بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن. وەک کەسێکی سەرناس پێی وابوو “دۆست کەسێکە کە بەرەو پێشەوەت بەرێ یا بەرەو پێشەوەی بەری.” بۆیە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، ڕێگەی سەرکەوتنی بە سەرمایەگوزارانیش نیشان دەدا؛ چونکە پێی وابوو “دەبێ تاکەکانی کورد لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بن تاکوو میللەت و حکوومەتێکی بەهێزمان هەبێت.” بەو ڕوانینەوە، بە ڕێزەوە کاتی بۆ منداڵێکیش دادەنا؛ لە ڕوانگەی ئەودا “باشترین جۆری سیاسەت ئەوەیە کە دەبێ لە چاوی منداڵانەوە سەیری دونیای سیاسەت بکرێت.”

ئەو داهاتووی خۆی بە ئامانجەکانی گەلەکەیەوە گرێدابوو؛ بۆیە لە بەرانبەر نەتەوە و جڤاکی خۆیدا ئەویندارانە و بەرپرسانە هەڵسوکەوتی دەکرد. مەبەستیشی لە چوونی بۆ ناو کایەی سیاسەتیش گەیشتن بە ناوێک و دەسەڵاتێک نەبوو، چونکە “ددانی تەمەعی” دەزاریدا نەبوو و بە توانای خۆی ژیانی هەڵدەسووڕا، بەڵکوو نییەتی خزمەتکردن بوو بە کورد و کوردستان.

لە خەبات و تێکۆشانی پشووبڕدا نە پشووهەڵماڵاو دەبوو و نە پشووشی بە خۆی دەدا. بە هۆی هەڵوێستی سیاسی، جگە لە زیاتر لە پەنجا ساڵ دوورە زێدی و دووری لە ئازیزانی، چەند جارێک هەموو داراییەکانی خۆی، کە بە ئارەقەی نێوچاوانی بەدەستی هێنابوو، لەدەست دا و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیشی دراوە، بەڵام بەوپەڕی شەهامەتەوە یەک چرکەش لەو ژیانە دژوارە پەژیوان نەبۆوە. بەو هیمەتەوە، لە ناو ڕەوتێکی سیاسیدا کاری کردبا یان بە تەنیا لە مەیداندا مابایەوە بە گەورە و گرانی هەر بە پێوە دەوەستا و بێ دەنگ و درەنگ بەردەوام بۆ کورد تێدەکۆشا. لە ڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە، لە بازنەی سیاسەتی کوردیدا دادوەرانە لە چاکەی دژبیرانی دەدوا و خاڵە ئەرێنییەکانی ئەوانی نیشان دەدا.

لە ئەندێشەی نەتەوەیی ئەودا، کوردستان، وەک ئەمریکا، ساڵی پێدەوێن تاکوو سەربەخۆ دەبێت. پێناسەی سەربەخۆیی لای ئەو ئەمە بوو: “دەبێ هەموو جیهان ئەوە بزانێ کە کورد مافی خۆیەتی لە سەر خاکی خۆیدا بڕیار لە ژیانی سیاسی، ئابووریی خۆی بدات. واتە، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزم لە بنەڕەتدا مافی کورد نین، بەڵکوو وەک بابەتی گفتوگۆ مێکانیزمی ڕێکخستنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار بە پرسی کورد.” لە ناو زەینیدا “کوردستان، وەک ئایدیا و وەک جوگرافیا هەبوو.” بۆیە چاوی ئەو سنووری دەستکردی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا نەدەدی؛ دژی ئەوە بوو پارچەکانی وڵات بە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور یان باشووری کوردستان ناو ببرێن، چونکە پێی وابوو “ئەو وشانە سنووری زەینی لە ناو مێشکدا دروست دەکەن؛ بۆیە پێویستە تەنیا ناوی شارەکانمان لە سەر زار بێت.”

بەو ڕوانگەیەوە، هەرێمی کوردستانی ئازادکراوی بە ماڵی خۆی دەدیت و ئاواتی ئەوە بوو بستێک خاک ڕزگار بێت بۆ ئەوەی بێتەوە و خاوەندارانە کار بۆ پێشکەوتنی بکات. بۆیە لە کاتی کۆڕەودا لە سۆئێدەوە خۆی گەیاندە سەر سنووری نێوان دوو پارچەی کوردستانی ژێردەستی عێراق و تورکیا و یارمەتی کوردانی دەدا و وێڕای دیکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی عێراق، لە سەرمای کوێستانەکاندا جوانەمەرگەکانی کوردی بە خاک دەسپارد، بەو هۆیەوە تووشی کارەساتێکی ڕووحیی گەورە هات. جاری دووەم، دوو هەفتە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاتەوە و، سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، بە هزر و قەڵەمەکەی دەستی بە خزمەتی کوردستان کرد و تا دوا ساتی ژیان ماندویی نەناسانە لە بڕ نەکەوت و بەر لە مەرگیش بیری نوێی بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان پێبوو.

لە مەیدانی خەبات و خزمەتدا واقیعبینانە کاری دەکرد. لە زانستی مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا پیادەکردنی تیۆرییەک لە سەر ئەرزی واقیعدا ئەستەمە؛ ئەو لەو ئەپلای کردنەدا هونەری هەبوو و شتی زادەی فەرهەنگی دەرەکی بە ئاسانی لە سەر دۆخی ناوخۆییدا کۆپی نەدەکرد، چونکە باوەڕی وابوو “مێژووی عەقڵ لە مێژووی زانست کۆنترە” و “هەر وڵات و میللەتێک مێژوو و توانای خۆی هەیە و بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندیانە دەبێ سیاسەتی بۆ دابڕێژرێ.” لای ئەو “پێشنەکەوتن و کێماسییەکانیش هۆکاری مێژووییان هەیە، بۆیە ڕەخنەگرتن لە جڤاک و دەسەڵات هەواڵێکی سەیر نەبوو.” بەڵکوو ئەوەی بە پێویست دەزانی کە “چۆن کار بۆ چارەکردنی هەڵە و گرفتەکان بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ڕزگاریی نەتەوەیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ناوەندی سیستەمی کوردی، پەرە پێبدەین و بتوانین لە چوارچێوەی ئەو حکوومەتەدا هاووڵاتیان لەژێر چەتری یاساسەروەریدا بکەینە هاووڵاتییەکی سەروەر.”

بەو ناسینەوە، بە مەبەستی نموونەسازی، گرینگە بۆ ناساندنی باشتری ئەو سەرمایە زانستییە دانیشتنێکی زانستگەیی لە زانستگەیەکدا بکرێت و بیرۆکەی ئەو بۆ ڕزگاری، ئازادی و پەرەسەندنی کوردستان شی بکرێتەوە. چونکە بە قەولی شاعیر: “عومرێکە ژیان لە ناو کەعبە و بوتخانەدا دەناڵێنێ – تا لە بەزمی ئەویندا زانایەکی ڕاز سەر وەدەر دێنێ.”

بیووگڕافیی مامۆستا حوسێن کوردنەژاد

کاک حوسێن کوردنەژاد ساڵی 1954 لە شاری ورمێ لەدایک بووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە خوێند و زانستسەرای پیشەیی لەوێ تەواو کرد. قۆناغی دواناوەندی لە تاران خوێند. ماوەیەک لە ئیستانبۆڵ درێژەی بە خوێندن دا و دواتر لە لەندەن دیپلۆمی وەرگرت. پاشان لە وڵاتی سۆئێد بەکالۆریۆسی لە بواری جوگرافیای مرۆییدا بەدەست هێنا. ماستەرێکی لە بواری دیموگرافیادا لە زانکۆی ئۆپساڵا وەرگرت و ماستەری دووەمی لە بواری گەشەی دیموکراسیدا تەواو کرد.

لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی و سویدی شارەزا بوو. لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، فەلسەفە، مێژوو، گەشەسەندن و نەخشەسازیی جوگرافیدا پسپۆڕیی هەبوو. وەکوو مامۆستای بیرکاری و ئینگلیزی وانەی گوتووەتەوە. کتێبێکی بە ناوی ”چەند دیالۆگێک لەبارەی ئابووری و سیاسەتی گەشەسەندن” نووسیوە. کتێبێکی بە ناوی ”بازاڕ چییە؟” لە زمانی سۆئێدییەوە کردووە بە کوردی. دەیان توێژینەوە و سەدان وتاری زانستی و سیاسی نووسیوە. ئەندامی ئەنیستیتۆی دیراساتی داهاتووی ستۆکهۆڵم بووە. لە تەمەنی گەنجایەتییەوە لە ئێران چۆتە ناو کاری سیاسی. ساڵی ١٩٧٦ لە لەندەن وێڕای کاری زانستی و خوێندن کاری سیاسی کردووە و لە چوارچێوەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا و ئەنجوومەنی خوێندکارانی ئێرانی لە بریتانیا سەر بە کۆنفیدراسیۆنی جیهانیی خوێندکاران و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات (ئاکسا) کاری کردووە. ساڵی ١٩٨٢ چووەتە پاریس و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی حزبی دیموکرات درێژەی بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی داوە.

لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی کۆڕەوی خەڵکی باشووری کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی گەلەکەی هاتووەتەوە کوردستان. بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2003دا بۆ خزمەتکردن بە هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە. لەو ماوەیەدا لە چەندین ڕۆژنامە و شوێنی تر لە هەولێر کاری کردووە. دواجار چووە ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان و بوو بە بەرپرسی دیسکی ئابووری و چواردە ساڵ کاری توێژینەوەی لەسەر گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان کرد. شەوی ١٢/١٢/٢٠٢٥ لە هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی 16/12/2025 لە شاری پیرمام بە خاک سپێردرا.

حوسێن کوردنەژاد