نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە”  و محەمەد ئیسماعیل، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ” ئەنەكەسە”  و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سووریا و پێكدادانی نێوان هێزەكانی سوپای سووریا و هەسەدە تاوتوێ كران، لەمبارەیەوە دووپات لە پێویستیی چەسپاندنی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە گرژیی سەربازی و توندوتیژی لە دۆخی هەنووكەیی سووریادا كرایەوە.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی گفتوگۆ وەك تاكە ڕێگە بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و بەدیهێنانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی سووریای نوێ.

تاوتوێكردنی هەنگاوی كردەیی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕ و ململانێكانەوە زیانیان بەركەوتووە، لەگەڵ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی سووریا، تەوەرێكی ترى كۆبوونەوەكە بوو.

لای خۆیەوە شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان، دووپات كردەوە.