سەرچاوە کوردییەکانی سووریا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ هەینی کاروانێکی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شاری تەبقەوە بەرەو شاری دێر حافر لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بەڕێکەوتوون. ئەم جووڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە شارەکە ڕووبەڕووی زیادبوونی بۆردومانی مووشەکی و تۆپخانەیی بووەتەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاروانەکە لە شەش ئۆتۆمبێلی زرێپۆش پێکهاتووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، داوایەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە پێویستی دانبەخۆداگرتن و ڕاگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکان کردەوە. ناوبراو داوای گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کرد وەک بژاردەیەکی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.