تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی نیشان دا سەبارەت بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب و داوای لە لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

تۆم باراک ڕایگەیاند، واشنتۆن لە نزیکەوە و بە نیگەرانییەکی گەورەوە چاودێریی دۆخی حەلەب دەکات. ئەو گوتی: “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پاراستنی ژیان و ماڵی خەڵکی سڤیل لەبەرچاو بگرن و کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن.”

لە بەشێکی گرنگی بەیاننامەکەیدا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە هەفتەی ڕابردوودا کارەکان بەرەو کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنێکی گرنگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا هەنگاویان ناوە. باراک ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنی “تێکەڵکردنەوەی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥” ئامانجی پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنی، حوکمڕانیی هاوبەش و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی بووە لە سووریا، و جەختی کردەوە کە “ئەم ئامانجە هێشتا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.”

تۆم باراک ئامادەیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەربڕی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕایگەیاند: “پێویستە گەلی سووریا ڕێگای گفتوگۆ هەڵبژێرن نەک دابەشبوون.”

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، باراک بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرکردایەتیی حکوومەتی سووریا، هەسەدە و دەسەڵاتە خۆجێیەکانی ناوچە کوردییەکان کرد بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گوتی: “با گۆڕینەوەی بیروڕای بنیادنەرانە جێگای گۆڕینەوەی گولە بگرێتەوە. داهاتووی سووریا و حەلەب دەبێت لە ڕێگەی ئاشتییانەوە بنیاد بنرێت نەک توندوتیژی.”