خەبات ـ عەلی بانیشاری
بریكاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی ڕایدەگەیەنێت، تاوەكوو ئێستا حكوومەتی عێراق تەنیا 32%ـی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 خەرجكردووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی دەشڵێت: خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دواكەوتووە.
سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: كۆی گشتیی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە 301 ملیار و 507 ملیۆن دینار، لەو بڕە تاوەكوو ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەنیا 96 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بە سێ قۆناغ ناردووە. 204 ملیار و 757 ملیۆن دیناری دیكە ماوە بینێرێت كە دەكاتە نزیكەی 68%ـی كۆی گشتیی شایستە داراییەكانی جووتیاران.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی، بڕی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بریتی بووە لە 417 هەزار تۆن، ئەوەش كەمتر لە نیوەی بڕی ئەو گەنمەیە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنراوە.
سەروەر كەمال هاواری هەروەها گوتیشی: ناردنی تەنیا 96 ملیار و 750 ملیۆن دینار شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 بڕێكی كەمە و دەبوایە تاوەكوو ئێستا حكوومەتی عێراق تەواوی پارەی گەنمی جووتیارانی خەرج بكردایە. پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەڵێنی دابوو ((خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان دوانەخات)).
لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و نزیكبوونەوە لە وەرزی دروێنە، وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەفدێك دەنێرێتە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدڕاڵیی گفتوگۆ بكەن بەمەبەستی زیادكردنی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
چەند ساڵێكی یەك لە دوای یەكە بەهۆی وەرگرتنی بڕێكی دیاریكراو لە بەرهەمی گەنم، جووتیارانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوا دەكەن گەنمی زیاتریان لێ وەربگیرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی عێراق مل بۆ داواكارییەكە نادات. جووتیارانی كوردستان جگەلەوەی نیگەرانن لە وەرگرتنی بڕێك لەو گەنمەی بەرهەمیدەهێنن، لە هەمانكاتدا ناڕازین لەوەی ساڵانە حكوومەتی عێراق شایستە داراییەكانیان بە بیانوونی جۆراوجۆر دوادەخات.
لە ئێستادا ناو تۆماركردنی جووتیاران بۆ پڕۆسەی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە. وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی ڕایدەگەیەنێت، هەر جووتیارێك ناوی لە پڕۆسەی بە بازاڕكردنی دانەوێڵە تۆمار نەكردبێت، بێبەش دەكرێت لە وەرگرتنی گەنمەكەی لەلایەن سایلۆكانەوە.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕێگەی 11 سایلۆوە گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرت. بۆ هەر تۆنێك گەنم 800-850 هەزار دیناری دیاریكرد. بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەرهەمی گەنم ساڵانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگاتە زیاتر 6 ملیۆن تۆن، لەو بڕە زیاتر لە ملیۆنێك تۆنی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی تەواوی ئەو گەنمە، جووتیاران بەناچاری و بە نرخێكی كەمتر لە نرخی سایلۆ بەشێكی لە بازاڕدا ساغ دەكەنەوە.