بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی شاری هەولێر کەوتەوە، وتەبێژی بەرگریی شارستانییش رایگەیاند، لە ئێستادا توانراوە 95%ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و تیمەکانمان بەرەو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئاگرەکە دەچن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزینی شاری هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە 20 تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد کە ئەم کارگەیە بە هیچ شێوەیەک پابەندی رێنمایی و مەرجەکانی سەلامەتیی بەرگریی شارستانی نەبووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە نازانین.
لەبارەی زیانەکانیشەوە موقەدەم شاخەوان گوتی: “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی ماددی زۆر بەر کارگەکە کەوتووە.”