خەبات: جەمال گردەسۆری:- كاری هونەری و باسكردنی هونەر هێندە سانا نییە، ئەگەر بە ماف و پێناسەی خۆی كاری لەسەر بكرێت و یاخود باسی لێوە بكرێت، چونكە كاری هونەری و باسكردنی خزمەتێكە لەبۆ جەماوەر، پێویستە كاری هونەری جەماوەر ڕابچڵه‌كێنێت و لەباسی هونەریش دەبێت لە هونەر گەیشتووەكان بەویژدانەوە باس لەهونەر بكەن ئەگەر بە زار بێت یان بە نووسین.

لێرەوە بەهۆی نزیكبوونم لەگەڵ هونەرمەند خەلیل موڕاد وەندی، بەویژدانەوە باسی دەكەم، ئەگەرچی دڵنیام كە ناتوانم مافی تەواو بەو ئاستە بەرزەی ئەو هونەرمەنده‌ بدەم، چونكە ئەو زاتە بە تەواوی تێگەیشتووی پیرۆزی كاری هونەری گۆرانی و مۆسیقا بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی قوتابیی هونەرمەند عەلی مەردان بوو، بە هۆی ئاستییەوە هەم خۆشەویستی بوو، شارەزای چەندین جۆری مەقام بوو، بۆ شایەدمانی یەكەمجار كە ڕووی لە ئێزگەی دەنگی كوردی بەغدا كرد بۆ گۆرانیگوتن، لە تاقیكردنەوە هونەرمەند عەلی مەردان لەوە گەیشت كە ئاستی دەنگی زۆر بەرزە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بە هونەر خزمەت بەگەلەكەی بكات، بۆیە گرنگیی زۆری پێ دەدا، یەكەم گۆرانیی بەناوی: خۆشەویستەكەم، لە ئاوازی عەلی مەردان، هونەرمەند خەلیل موڕاد وەندی بە دەنگە زوڵاڵەكەی زۆر بە سەركەوتووانە تۆماری كرد. لەگەڵ یەكەم گۆرانی تۆماركردن پێی ناسرا و بووە خۆشەویستی جەماوەرێكی زۆر.

لەدوای ئەوە زۆر لەگەڵ هونەرمەندان عەلی مەردان و حوسێن عەلی تێكەڵ بوو، زۆر سوودی لێیانی وەرگرت، بۆ دانان و تۆماركردنی هەر گۆرانییەكی كاتێكی زۆری لەگەڵ بەسەر دەبرد، چونكە تاكو بە تەواو دڵنیا نەبوایە لە ئاستبەرزی تۆماری نەدەكرد، ئەگەرچی جێگای داخە ئەو هونەرمەندە لە ژیانیدا تووشی گەلێك خەمی گەورە بۆتەوە لەوانە: دوو برای هەبوو بەناوی: جەمیل، گۆرانیبێژ بوو، بەتەمەن لەخۆی بچووكتر بوو، یەك گۆرانیی تۆمار كردبوو، لەجەنگی عێراق و ئێران كوژرا، برای دووەمی ناوی جەلیل بوو، بەداخەوە ئەویش لەساڵی حەفتایەكانی سەدەی ڕابروو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو شوێنبزر كرا، هەروا لە دواساڵی دووهەزار كوڕێكی لە تەمەنی گەنجی دا بەكارەساتی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەست دا.

ئاستی گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە زۆر بەرز بوو، هەروا زیاتر گرنگی بە گۆرانیی فۆلكلۆری دەڤەری خۆیانی دەدا و بە هۆیەوە چەند گۆرانییەكی بەناوی: بەوبەو، كەنیان كە گۆرانییەكی فۆلكلۆری دەڤەری خۆیانە و لە كاتی دروێنەكردن دەگوترا، لەگەڵ چەند گۆرانییەكی دیكه‌ تۆمار كردووە، واتە زۆربەی گۆرانییەكانی فۆلكلۆری دەڤەری خۆیان واتە خانەقین بوو هەر بەم گۆرانییانەش زێتر ناوبانگی دەركردبوو.

هەروا ئەو شیعرانەی كە ئەو كردوویەتی بە گۆرانی وەك ئەوە وابوو ئەو شیعرە بۆ ئەو نووسراوبێ، جگە لەمانەش لە ئاواز دانان و مەقام گوتن زۆر زیرەك بوو، زۆربەی ئاوازەكان هی خۆی بوو، هەندێ ئاوازی لەلایەن هونەرمەندان: عەلی مەردان و فوئاد عوسمان و عەدنان حەمدی بۆی دانراوە، كۆی گۆرانییەكانی زێتر لە 100 گۆرانی بوو جگە لە گۆرانی دانیشتنی تایبەتی، ناوی هەندێك لە گۆرانییەكانی: خۆشەویستەكەم، شیرینەكەم، هاوار لەجەرگم، سەوزە سەوزە، جوانی جاران، تەمەن، شەوچەرەی دیوەخان، بەوبەو، كەنیان و..هتد. هەروا چەند مەقامێك لە جۆری سەبا و بەیات و…هەتد، تۆماری كردووە، وه‌ندی ڕۆژی چوارشەممەی 2025.11.26 لە شاری هەولێر دڵە گەورەكەی لە لێدات كەوت و بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و هونەردۆستان لە گۆڕستانی كەسنەزان بەخاك سپێردرا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی و جێگای بەهەشتە ئینشاڵڵا.