رەوانشاد زوهێر عەبدولمەسیح و جەمال گردەسۆری

خەبات: جەمال گردەسۆری:- هونەرمەند زوهێر عەبدولمەسیح، دەرهێنەرو شانۆكارو سینەماكار، لە ساڵی 1948 لەشارۆچكەی عەنكاوە لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لەشارۆچكەی ئەلقۆش و ناوەندی و ئامادەیی لەشاری هەولێر تەواو كردووە، لەساڵی 1972 – 1973 ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی لە شاری بەغدا تەواو كردووە.

كارە هونەرییەكانی، لەساڵی 1969 یەكەم كاری هونەری وەك دەرهێنان شانۆگەریی مۆمدانی مەتران، لەنووسینی: ڤیكتۆر هۆگۆ، بەزمانی سریانی لە شارۆچكەی عەنكاوە نمایش كردووە، لە ساڵی 1970 لەبەشی نواندن لە ڕادیۆی بەغدا لەگەڵ هونەرمەندان: تەلعەت سامان، ئەحمەد سالار، فەرهاد شەریف، شەماڵی عەبەڕەش، بەشداری لە چەندین كاری هونەری كردووە و ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە وەك دەرهێنەر و نواندن.

وەك دەرهێنەر شانۆگەری بەزمانی كوردی و عەرەبی و سریانی كاری كردووەو خاوەن ئەرشیفێكی دەوڵەمەند و لە ئاست ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە، لەساڵی 1973 – 1974 لەئێزگەی كوردیدا بەشداری كردووە لە دەرهێنانی كۆمەڵێك تەمسیل و كاری نواندن و كاری دەرهێنان و تۆماركردن بۆ چەندین دراما لەوانە: درامای لانەوازان، مەرەزە، خولەی چەخماخەو..هتد.

لە ساڵی 1974 وەك هونەرمەندێكی پێشمەرگە ڕوو لەشاخ دەكات و دەبێتە پێشمەرگەی ڕاگەیاندن، لەوێ جموجۆڵی هونەری ئەنجام داوە، بەتایبەت لە ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق كاری ئێزگەیی كردووە لە بواری دەرهێنان و پێشكەشكردنی تەمسیل و تاكە دەرهێنەر بووە، تا خانەنشین فەرمانبەرێكی دیاری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان بووە.

بەشێك لەكارە هونەرییەكانی وەك نواندن و دەرهێنان لەوانە: شانۆگەری موومدانی ئەسقوف، سیبۆ، مۆمەكان، نەفرەتلێكراو، الباب الاخیر، خولەی چەخماخە، لانەوازان، گوڵی سیس، جق و نق، نانی بەیانی، لعبە الحب، فیلمی موحەممەد ڕسوڵ الحریە، خاتوو كلاوزەڕ، مێوانی ناوەخت، شەمەندەفەر، ماڵه‌ی سەرگردەكە، تاپۆ حەقی چییە، جەنابی جانەوەر، بەرەو ڕزگاری، فت، گەڕانەوەو.. هتد.

خەڵاتی باشترین هونەرمەندی سینەمایی لە میهرەجانی نێودەوڵەتی سینەمایی یەكەم لەهەولێر بەدەستهێناوە كەوا 25 وڵات تیایدا بەشدار بووە، لەساڵی 1999 لە وڵاتی سوێد نیشتەجی بووە و هەر لەوێ لە 20 – 12 – 2025 كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی گەڕاندرایەوە شاری هەولێر و بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و هونەرمەندو هونەردۆستان و كەسوكاری، لە شارۆچكەی عەنكاوە، بەخاك سپێردرا.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی.