شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک فراکسیۆنەکەی دەچێتە بەغدا.

كه‌ناڵی (كوردستان24) بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بگاتە بەغدا.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی به‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی ئەو حیزبەیە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، شاندە باڵاکەی پارتی سبەی دووشەممە، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە. بەشێکی دیکەی سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ بەغدا، تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق.

پەرلەمانی عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی، کە بڕیارە سبه‌ی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوە بچێت.

کارنامەی دانیشتنەکە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان (سەرۆک و دوو جێگرەکەی) لەخۆ دەگرێت.