کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لەگەڵ ئەندرۆ بێزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کەرتی وزە و ژینگەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی وزە کرد. لەم چوارچێوەیەدا، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆڕی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی کەرتی وزە کردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، ئەندرۆ بێزڵی سوپاسی حکومەتی بەریتانیای گەیاندە هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵی هەبووە لە پاکبوونەوەی ئاسمانی شارە گەورەکان و خاوێنبوونەوەی ژینگەی هەرێم بەهۆی کەمبوونەوەی پشتبەستن بە مۆلیدەکان.

لای خۆیەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان سوپاسی گەل و حکومەتی بەریتانیای کرد کە هەمیشە پاڵپشتی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە بوارە جیاوازەکاندا.