ڕۆژی سێشه‌ممه 16/12/2025، ڕۆژێكی مێژوویی بوو بۆ وه‌رزشی كوردستان، بۆ یه‌كه‌مینجار له سه‌ر ئاستی عێراق و ئاسیا، یانه‌یه‌كی كوردستانی له‌لایه‌ن فیفاوه خه‌ڵاتی باشترین هانده‌ری له جیهان FIFA THE BEST بۆ ساڵی 2025 به‌ده‌ستده‌هێنێت.
یانەی زاخۆ ده‌نگێکی بێوێنەی هاندەرانی بەدەستهێنا، به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی فیفا بڵاویكردۆته‌وه، له‌ده‌نگدانی ئۆنلاین، یانه‌ی زاخۆ 7,493,957 دەنگی بەدەستهێنا، كه كوردانی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و تاراوگه و خه‌ڵكی عێراقیش ده‌نگیان دا، ئه‌م خه‌ڵاته‌ی زه‌بێستی فیفا، ڕەنگدانەوەی پشتگیرییەکی بێئەندازەی هاندەران و ئامادەبوونی بەهێز و دڵسۆزی ڕاستەقینەی هه‌وادارانی یانه‌ی زاخۆ بوو.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی خه‌ڵاتی زه‌بێستی فیفاش، جه‌ماوه‌ری زاخۆ ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆشی و شادیی خۆیان ده‌ربڕی به‌بۆنه‌ی ئه‌و ڕووداوه وه‌رزشییه گرنگه، ئێواره‌كه‌ش له‌ناو یاریگای زاخۆ ئاهه‌نگێكی فراوان به‌ڕێوه‌چوو، هانده‌ران به هه‌ڵدانی یاریی ئاگریین، شادیی خۆیان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕگه‌ی هه‌ڵپه‌ڕكێ و شایی و گۆرانی له‌ناو یاریگای زاخۆ به‌ڕێوه‌چوو.