هێزە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە بیابانەکانی سووریا دەستپێکرد. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و بێبەزەییانە دێن بۆ ئەو هێرشەی کە لە ١٣ـی کانوونی یەکەم لە پالمیرا (تەدموور) کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و تێیدا چەند سەربازێکی ئەو وڵاتە کوژران.
وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئەوەی هێرش بکاتە سەرمان باقی ژیانی بە دڵەڕاوکێ بەسەر دەبات
وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی توندیان بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش، ژێرخانی سەربازی و کۆگاكانی چەکی ئەو ڕێکخراوە دەستپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە سەرەتای شەڕێکی نوێ نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی تۆڵەسەندنەوەیە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا بە زمانێکی توند هۆشداری دایە تێرۆریستان و نووسیویەتی: هەر کەسێک ئەمریکییەکان بکاتە ئامانج، باقی ژیانی کورت و پڕ لە دڵەڕاوکێ دەبێت، چونکە ئەمریکا ڕاویان دەکات و بێبەزەییانە دەیانکوژێت؛ ئەمڕۆش ئێمە ڕاومان کردن و دوژمنەکانمان کوشت.
ترەمپ: تۆڵەیەکی توند دەکەینەوە و حکومەتی سووریاش لەگەڵمانە
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە وەک بەڵێنی دابوو، تۆڵەی خوێنی ئەو نیشتمانپەروەرە بوێرانە دەکاتەوە کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە سووریا کوژران. ترەمپ نووسیویەتی: ئێمە زۆر بە توندی هێرش دەکەینە سەر مۆڵگەکانی داعش؛ ئەو شوێنەی کە غەرق بووە لە خوێن، بەڵام ئەگەر داعش بنبڕ بکرێت داهاتوویەکی گەشی دەبێت.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراویشدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی سووریا پشتیوانی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دەکات و نووسیویەتی: حکومەتی سووریا، کە لەلایەن پیاوێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە زۆر بە توندی کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی گەورەیی بۆ سووریا، بە تەواوی لەگەڵ ئەم هەنگاوەدایە و پشتگیری دەکات. هەروەها هۆشداری دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەمریکا، بە توندترین شێوەی مێژوو وەڵام دەدرێتەوە.
جوگرافیای هێرشەکان و جۆری بۆردومانەکە
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان چەندین ناوچەی ستراتیژییان کردووەتە ئامانج، لەوانە:
١. بیابانی مەعدان لە دەوروبەری ڕەقە
. ٢-یابانی حەمەد لە گوندەوارەکانی دێرەزوور
. ٣-ناوچەی جەبەل ئەلعەمور.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشەکان چەند کاتژمێرێک دەخایەنن و ئامانجیان تێکشکاندنی تەواوی ئەو مۆڵگانەیە کە داعش بۆ خۆحەشاردان و ئەنجامدانی هێرشە کتوپڕەکان بەکاریان دەهێنێت. ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانیش نیشانی دەدەن کە سوپای ئەمریکا بە چڕییەکی زۆر و بە مووشەکی وردپێک پێگەکانی داعش لە ناو جەرگەی بیاباندا دەپێکێت.