
خەبات: چیادۆست ڕەسوڵ
ئەو شەپۆلە بارانەی کە چەند ڕۆژێکە ناوچەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، ناوچەی پشدەریش بە دەر نەبووە لە زیان و دەرەنجامەکانی باران بارینەکە، بە تایبەت گوندەکانی بناری چیای ئاسۆس ئەگەرچی لە ئێستاداو ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕووی ئیداریەوە سەر بە ناحیەی بنگردن لە سنووری قەزای دوکان بەڵام هاتوچۆ و ڕێگاوبان و ژیان و گوزەرانیان هەر لەگەڵ خەڵکی ناوچەی پشدەرەو خۆشیان هەر خەڵکی پشدەرن.
خەبات لە نزیکەوە سەردانی ئەو پردانەی کرد، کە بەهۆی بارانەکەوە ئاو بردوونی و تووشی زەرەرو زیان بوون، ژمارەیان پێکهاتووە لە سێ پردی گەورە، کە هاووڵاتیانی گوندەکە وەک دەڵێن لەسەر حیساب و باخەڵی خۆیان دروستیان کردبوو، ئەمەش وایکردووە کە هەریەک لە گوندەکانی (گەرمکان، نێودەشت، کێلە سپی، نێزۆکە، خانەڵێ، بناویلە، بێخرێ و دۆڵەگۆم، ئەلبانێ، سەرتەنگ، بێترخێ، وێسێ) … هتد بە تەواوی لە شاری قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر داببڕێن.
هاووڵاتی ( عەزیز محمد قادر ) کە دانیشتووی گوندی نێو دەشتی بناری چیای ئاسۆسە بە ڕۆژنامەی خـــەبـــاتی ڕاگەیاند: ئەمە کاری یەکەمجارو دووەم جار نییە کە ئەو پردانە ئاو دەیبات، بەڵکو چەندین جارە هەموو بارانبارین و لافاوێک ئەمە دووبارە دەبێتەوە، کە بەداخەوە دەسەڵاتی ئیدارەکە هەم لە قەزای پشدەر و هەمیش لە قەزای دوکان مێشیش میوانیان نییە، دەچینە لای شارەوانی دوکان دەڵێن ناوچەکەتان سەر بە ئیدارەی پشدەرە، دەچینە لای ئیدارەی پشدەریش دەڵێن ئێوە سەر بە قەزای دوکانن، ئەوەی لەو بەینەدا بووەتە قوربانی ئێمەی زەرەرمەندین، لە کاتێدا ئەو پردانەش ئێمە وەک هاووڵاتیانی گوندەکە لەسەر حساب و باخەڵی خۆمان دروستمان کردوون.
هەر لەسەر ئەم باسە خـەبات سەردانی پردی گوندی خاس بۆ ناوچەی نێودەشتی کرد لەسەر زێی بچووک، کە بەداخەوە ئەویش ئاوەکە بردوویەتی و هاووڵاتیانی تووشی زیان و زەرەرێکی زۆر کردووە، لەوێ ژمارەیەک هاووڵاتی لە چاوەڕوانی چوونە سەر کارو بینینی موڵک و ماڵ و هەریەک لە کاری گاوداری و حەوزی ماسی و مەڕداری بوون، بەڵام بەهۆی ڕوخانی پردەکەوە لە چاوەڕوانیدا مابوونەوە.
محەمەد عەلی هاووڵاتییەكی ئەوێ بوو گوتی: لە ئێستادا تاکە چارەسەر ئەوەیە بچینە پردی دەربەند و لەوێشەوە بە بناری چیای ئاسۆسدا بێینەوە سەر موڵک و مەڕداریمان، ئەوەش ڕێگاکە نەک دوو هێندە بەڵکو سەد هێندە دوور دەخاتەوە لێمان، ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت زۆر دەترسم زۆربەمان بەیەکجاری واز لە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بهێنین، هیوادارم ئەمە کۆتاجار بێت و دەسەڵاتی ناوچەکە پردێکی گەورە بە شێوازی ئەندازیاری دروست بکەن، چونکە ئەو پردانەی خۆمان دروستمان کردووە هەڕەمەکین و لە ڕووی داراییشەوە بە ئەندازەی باخەڵکی خۆمان کردوومانە کە هەر بەشی لافاوێکی لەو شێوەیە دەکەن.