فازڵ میرانی
گرێبەست، یاسا و شەرعییەتی ئەوانەیە كە گرێبەستیان لەنێواندا هەیە، ئەگەر مەرجەكانیان تێدا بێت، واتە بابەتی گرێبەستەکە دروست بێت و لایەنەکانیش ئەهلییەتی یاساییان هەبێت، پاڵنەرەکەی ڕوون بێت و هیچ شتێکیشی تێدا نەبێت کە لەڕووی یاسایییەوە پووچەڵی بکاتەوە یان ڕێگری لێ بکات،ئەو گرێبەستەی من مەبەستمە بریتییە لە دەستوور، هەموو کێشەکانیشمان، چ ئەوانەی باسیان دەکەین و چ ئەوانەی لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخ و واقیع نایاندركێنین، هۆکارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوون بە دەستوورەوە،کاتێک ململانێ لەنێوان شێوازێکی بیرکردنەوە و تیۆرییەکدا دروست دەبێت، هیچ عەیبەیەكی تیا نییە پێداچوونەوە بە هەردووکیاندا بکرێت، چونکە هەردووکیان ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە هەڵدەگرن.
بەڵام ئەگەر ناکۆکی لەنێوان ئەو بیرکردنەوەیەدا دروست بوو کە دەقێکی داناوە، پاشان وازی لە دەقەکە یان مانا ڕوونەکەی هێناوە بۆ ئەوەی بەپێی بەرژەوەندیی خۆی لێکی بداتەوە، ئەوا هەڵەکە لە شێوازی بیرکردنەوەکەدایە، چونکە دەستوور لە بنەڕەتدا ئەو تیۆرییەیە کە لە ڕێگەیەوە بنەماكانی حوکمڕانی داڕێژراون.
ئێمە تۆمەت ئاراستەی کەس ناکەین، چونکە بنەمای تۆمەتبارکردنیش، لایەنی بەرانبەر دەتوانێت بەرپەرچی بداتەوە و لەوانەیە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو دەربچێت، بەڵام ئێمە بە دوو زمان قسە دەکەین: زمانێکی سیاسی کە پاڵپشتە بە تێگەیشتنێکی یاسایی، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە گرێبەستێکدا هاوبەشین، ئەمەش بەردەوام دووبارە دەکەینەوە. هاوبەشیمان لەو گرێبەستەدا، ئەرک و مافمان بۆ دروست دەکات. لە چوارچێوەی ماف و ئەرکەکانیشدا، چەند هۆکارێکی گرنگ ئاشکرا دەبن، لەوانە: ئامادەیی بۆ پابەندبوون بە بەشەکەی خۆت لە گرێبەستەکە، فاکتەری کات، هەروەها کوالێتیی جێبەجێکردن. لەسەر بنەمای ئەم سێ هۆکارەش، ئەنجامی ئەرێنی یان نەرێنی دەکەوێتەوە، بەپێی ئەوەی جێبەجێکراون یان نەکراون و دواخراون.
ئێمەیش وەک هاوبەشەکانمان، بەرپرسیارێتیی گەلێکمان لە ئەستۆدایە و پابەندیمان بەرانبەریان هەیە. ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانەش لەلایەن بڕگەکانی گرێبەستە دەستوورییەکەوە دیاریکراوە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنیش هەر بەپێی ئەو بڕگانە بەڕێوە دەچێت، ئێمە بە ڕاشکاوی دەیڵێین کە گرێبەستە حوکمڕانەکە پێشێل دەکرێت، داوامان کردووە و داوا دەکەین و بەردەوامیش دەبین لە داواکاری کە ئاگاداری سەلامەتیی شەرعییەت بن، چونکە دروست نییە پۆستەکان شەرعییەتی خۆیان لە گرێبەستێکەوە وەربگرن، پاشان پشتی تێبکەن یان لێی لابدەن.
بژاردەی فیدڕاڵی، بابەتێکی زیادە و هەر بۆ خۆشیی نەبوو، بەڵکوو ئەنجامی چەندین ساڵ لە مەركەزیەتێك بوو کە تەنیا ئێمە ژەهرەکەیمان نەچەشت، ڕاستیش نییە بگوترێت مەركەزیەت لە دەستی ئەوانەی پێشوودا خراپ بوو، بەڵام لە دەستی ئەمانەی ئێستادا باشە. ئەمە لۆژیكێکی قبووڵکراو نییە، هەروەها ڕەوا نییە یاسایەکی دانراو دروست بکەین و مەرجیش بۆ گۆڕینی دیاری بکەین، کەچی پێش ئەوەی ئەو دەقە بگۆڕین کە ڕێگە بە کارەکان دەدات، بێین و لە ڕێی کردەوەکانمانەوە جێگەی بگرینەوە و پێشێلی بکەین.
ئێمە بە باشی لە بارودۆخەکە تێدەگەین، لەو جیاوازییە ڕوونانەش تێدەگەین کە لە تێگەیشتن و ئەداکردندا هەن، لە جیاوازیی نێوان قسە و کرداریش تێدەگەین و لەو دەرهاوێشتانەش تێدەگەین، کە هەندێک جار پۆستەکان دروستی دەکەن، ئاگاداری ململانێ و گوشارەکانیشین، بەڵام هەموو ئەمانە لەگەڵ شەرعییەتدا ناکۆکن، واتا لێرەدا ئیجتیهادکردن (لێکدانەوەی کەسی) نە سوودی هەیە و نە هیچ بنەمایەکی دەستووریشی هەیە.
بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن