بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و بۆ قەرەبوکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی لافاو، بڕیاریانداوە 500 کتێب پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانی بە قەزای چەمچەماڵ گەیاند، “کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ”ـیش بێبەش نەبوو لەو زیانانە و بەشێک لە کتێبخانەکە ژێرئاو کەوت.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: “لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریمان بەرامبەر بە شاری چەمچەماڵ و خوێنەرانی ئەو دەڤەرە ئازیزە، بڕیارماندا بە بەخشینی 500 کتێب لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.”

بەشی ڕۆشنبیریی پارتی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بۆ زیانەکان، کەمپینێکی ڕاگەیاندووە و داوا لە سەرجەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی کوردستان دەکات، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکەن بۆ ئەوەی “چرای مەعریفە و کولتوور لەو شارەدا کز نەبێت.”