
خەبات- ئاشتی شەهباز:
سیستەمی سانتلیگۆ بۆچی دووبارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەكار هێنرایەوە؟، ئایا هاوشێوەی هەموو سیستەمەكانی دیكە لایەنی باش و خراپی هەیە و زیاتر لە بەرژەوەندیی هێز و لایەنە گەورەكانە؟ لەلایەن هەندێ شارەزای بواری یاسای هەڵبژاردنەكان ئەوە خراوەتەڕوو كەوا سیستەمی سانت لیگۆ لایەنی خراپیشی ئەوەیە كە فرەڕەنگ و دەنگی كەم كەمدەكاتەوە، چونكە لە خزمەتی ئەو حزبە بچووكانەدا نییە كە دەیانەوێت یەك كورسی لە ئاستی بازنەیەك بەدەست بێنن. سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی نوێنەرانی عێراق مافی ئافرەتان لەو سیستەمە چۆن دەستەبەر كراوە و چۆن بەڕێوەچوو لە كۆتا هەڵبژاردنی ساڵی 2025 و ئایا سیستەمی سانت لیگۆ كاریگەری هەبوو لەسەر یاسای كۆتای ژنان لە دەستوری عێرقیدا ؟ ، كە یەك لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەبێ ژنان بن، ئەگەر لە ناو هەر لیستێكدا ژنان نەیانتوانی دەنگی تەواو بەدەستبهێنن ئەوا دەبێت كار بەسیستەمی كۆتا دەكرێت. دكتۆرە ئەشواق جاف هەڵبژێردراوی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ خەبات دوا و وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ خوێنەران دەخەینەڕوو.
* گەڕانەوەی عێڕاق بۆ سیستمی سانت لیگۆ هۆكاری چی بوو، ئایا سیستەمێكی دادپەروەرانە و سەركەتووبوو؟
– د. ئەشواق جاف: بەدڵنیاییەوە نەخێر، یاسای هەڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی نادادپەرەوەرانە بوو، زۆرێش ناعەداڵەتی تێدابوو، بە بەڵگەوە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرووی یەك ملێۆن و 100 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و كەچی 27 كورسییە.
دكتۆرە ئەشواق زیاتر ئاماژە بە ژمارەی لیستەكەی سەرۆك وەزیران دەكات و دەڵێـت: لیستەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە بەرێز سوودانییە كە لە سەرووی ملیۆنێك و 300 هەزاردەنگ بوو، كەچی بە 46 كورسی بۆیان هەژمار كراوە. تەنها بەراوردی ئەو ژمارانە دەریدەخات كە ئەم یاسایە زۆر نا دادپەروەرانەیە و لە بەرژەوەندیی كورد و هەرێمی كوردستاندا نییە و بۆیە دەبێ ئەو یاسایە بگۆڕدرێت.
* گەڕانەوەی عێڕاق بۆ سیستمی سانت لیگۆ هۆكاری چی بوو، ئایا سیستەمێكی دادپەروەرانە و سەركەتووبوو؟ ئایا بەربژێرانی ئافرەت لە هەڵبژاردنەكانی نوێنەرانی عێراق بە ماف و (استحقاق) ی خۆیان سەركەوتن بۆ پەرلەمان یان بە یاسای كۆتا بوو؟
– د. ئەشواق جاف: ئافرەتانی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆریان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن و ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كەوا كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی زۆر وشیارە و باوەڕی بە توانای ئافرەت هەیە. ناوبراو گوتیشی: كۆمەڵگەی كورد جیاوازی لە نێوان ڕەگەزی پیاو و ئافرەت ناكات و بەڵكوو سەیری تواناكانی كاندیدەكە و لێهاتوویی كەسەكە دەكات. بۆ نموونە لە سلێمانی 5 ئافرەت بە دەنگی خۆیان دەرچوون و هەروەها لە هەولێر و لە دهۆكیش بەدەنگی خۆیان دەرچوونە. بۆیە دەڵێم كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی وشیارە.
لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق هاتووە كەوا لە %25 كەمتر نەبێت و بەڵام لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان 30% ـە، دواجار جگە لە سیستەمی كۆتا كاندیدانی دەرچووی هەڵبژاردنی عێراق كە بەدەنگی خۆیان دەرچووبوون خرانەوە ناو بازنەی كۆتا، كەوا لە %25 ـە، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2025ی عێراقدا بەشی سەر 18 بازنە و پارێزگا كرا، كە كۆی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە 329 كورسی پێكاتبووە 320 كورسی گشتیی و نۆ كورسیش بۆ كۆتاكان بوو. كە لە پێكهاتەكان و نەتەوەی و ئاینی جیاواز دەگرێتەوە و دواتر دابەشی سەر پارێزگاكان دەكرێنەوە.