سەرۆك بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریا کرد و لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە (١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، لە سەلاحەدین (پیرمام)، سەرۆك بارزانی پێشوازی (گریگێی تیڤادار تاکاچ)، کونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کونسوڵی نوێی هەنگاریا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دیداری سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە داوە کە شارەزاییەکی باشی لەسەر مێژوو، کولتوور و سیاسەتی کورد و کوردستان هەیە، بەو پێیەی “ماستەرنامەکەی لەسەر کوردستان نووسیوە”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کونسوڵی هەنگاریا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ستایشی ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی بەڕێزیانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی لە عێراق و پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لە هەردوو سێکتەری ئابووری و بازرگانیدا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، تاوتوێی گۆڕانکاری و بارودۆخی گشتیی ناوچەکە، هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا کرا.