خەبات: چیادۆست ڕەسوڵ:- ئەگەر یەکجار سەردانی ناوەندی (پەروەردەی پێشوەختی ترووسکە بۆ ڕاهێنانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قەڵادزێ) بکەین، تێدەگەین کە ژیان چ بەها و نرخێکی داوەتە مرۆڤی ساغ و تەندروست، ئەم ناوەندە سێ جۆر لە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە خۆی دەگرێت. منداڵانی ئیفلیجی مێشک (شلل دماغ)، ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە کێشەی ئیفلیجی و پەککەوتەیی مێشکیان هەیە.
منداڵانی گرفتی کڕۆمۆسۆم ( داون سیدرۆم)، ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە پێکهاتەی کڕۆمۆسۆمەکانیان برییتین لە 47 کڕۆموسۆم، واتا کڕۆمۆسۆمێکیان لەمرۆڤی ئاسایی زیاتر هەیە، ئەمەش وایکردووە کە خاوەن ژیرییەکی تەواو نەبن و لە جیهانیشدا ژمارەیان لە زیادبووندایە، زۆربەشیان شێوازی دەم و چاویان لەیەک دەچێت، ئەگەرچی جاران دەستەواژەی منداڵی مەنگۆل بەکار دەهات بەو هۆکارەی کە گوایە زیاتر لە خەڵکی وڵاتی مەنگۆلستان دەچن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێستا ئەم دەستەواژەیە لابردراوەو لەبری ئەوە خەڵک داون سیدرۆم بەکاردەهێنن. منداڵانی ئۆتیزم (شەبەنگی ئۆتیزم)، یاخود شڵەژانی هەستەوەری، یان ئەو منداڵانەی تووشی تێکچوونی کردارە هەستەوەرەکانی مێشک دەبن، هەر لە بیستن و بۆنکردن و تامکردن و بەگشتی ڕەفتارکردنیان.
بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بینای (پەروەدەی پێشوەختی ترووسکە)مان کرد لە گەڕەکی شەهیدانی قەڵادزێ، لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوەندەکە مامۆستا (ڕەسوڵ عومەر عەبدوڵڵا) ناسراوە بە مامۆستا حاجی قسەمان کردو زانیاری زۆری لەسەر ناوەندەکەو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و کەسوکاریان بە ڕۆژنامەی خەبات بەخشی.
ڕەسوڵ عومەر گوتی: ئەگەرچی ناوەندەکەمان هەرسێ جۆر لە منداڵی خاوەن پێداویستی وەرگرتووە، بەڵام کەموکوڕی زۆرمان هەیە لەسەر ستافی شارەزاو جیاکردنەوەی بەشی ئۆتیزم لە بەشەکانی دیکە، هەروەها باسی لە بارودۆخی سەختی کەسوکارو خودی منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان کرد، کە لە شارێکی وەکو قەڵادزێ تەنیا یەک ناوەند هەیە ئەویش بە دەیان کەموکوڕییەوە، تەنانەت پاسی گواستنەوەی منداڵەکانیشیان لێ وەرگیراوەتەوە، کە بە گوتەی خۆی دووساڵ بوونی هەبووەو دواتر بە بیانووی قەیران و گرفتی کەمیی پاس لێیان وەرگیراوەتەوە. کەسوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان منداڵەکانیان دەهێنن، ئەویش ئەگەر کەس و کاری منداڵەکە هەبوو و خواپێداو بێت ئەگەرنا دەیان منداڵی تر هەیە کە بێ بەشن لە ڕاهێنان و سوود بینین لە ناوەندەکەیان.
دواتر یەکێک لەو كەسانەی کە خاوەن منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتە بە ناوی (محەمەد ئەحمەد سلێمان) کە منداڵێکی لە جۆری نەخۆشی پەککەوتەیی مێشک (شلل دەماغ)ـی هەیە، باسی لە ئازارو نەهامەتییەکاتی تایبەت بەخۆی و هاوسەرو منداڵەکانی بۆ خـــەبات باسکرد: لە ئازارێکی زۆر گەورەی دەروونی و جەستەییدا دەژیم، ئەگەرچی منداڵەکەم زۆر خۆشەویستە و ئامادەشم له پێناویدا هەموو شتێك بۆ بکەم، بەڵام نیگەرانم لە نەبوونی هاوکارییەکی ماددی، کە بتوانین ئێمەش خزمەتی زیاتر منداڵەکانمانی پێ بکەین، سەردانیکردنی پزیشک و پسپۆری تایبەت بەو نەخۆشیە بە پارە دەکرێت، منیش کرێکارم و ئەگەر هەموو ڕۆژێکیش کارم هەبێت مانگانە پارەکەم بەشی خەرجی ماڵەوەم ناکات چجای خزمەتێکی پڕ گرنگ له بواری ڕاهێنان و کڕینی دەرمان و سەردانی پزیشک.
دواتر مامۆستا خالید ئیبراهیم ڕاهێنەری پەروەردەی تایبەت و ڕاسپێردراوی سەرپەرشتیاری کاروباری پەروەردەی تایبەت لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر، کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کاری ئەو قوتابخانەو مامۆستایانە دەکات گوتی: نزیکەی هەژدە ساڵە لەو بوارەدا کار دەکەم و بە هاوکاری ڕێکخراوی ئەککۆڕن هەوڵمانداوە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەتیش منداڵانی توشبوو بە شەبەنگی ئۆتیزم لە ناوەندەکانی خوێندن وەربگیرێن و هاوشانی منداڵانی تەندروست کەسی تایبەتیان بۆ دابینبکرێت و خزمەت بکرێن.
گوتیشی: پێویستە لە هەموو قەزاو ناحیەکانیش سەنتەرێکی تایبەت بەو منداڵانە هەبێت پێش ئەوەی لە ناچاریدا پەنا ببرێتە بەر ئەوەی لە ناوەندەکانی خوێندندا ڕێنمایی و ڕاهێنانیان پێبکرێت، چونکە ئەمە ئەرکێکی تا ڕاددەیەک قوڕسترە بۆ مامۆستای ئاسایی، بەڵام چەندین جار ئەو داوایەمان لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەو تەنانەت وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش باسکردووە. هەروەها لەبەشێکی قسەکانیدا مامۆستا خالید دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە کرد لە دانانی زیاتر لە 500 مامۆستا لەم بوارەدا، بەڵام بە گوتەی خۆی بۆ ئەم مەبەستە لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی نیگەرانە.
گوتیشی: لە قەڵادزێ زۆربەی ئەو خێزانانەی کەخاوەن منداڵی ئۆتیزمن بە ناچاری و لە پێناوی منداڵەکانیان شار بە جێدەهێڵن و بەداخەوە خەڵکی خواپێداو دەوڵەمەندەکەش بایی ئەوە میهرەبانیان نییە کە بتوانن سەنتەرێک یان ناوەندێک بکەنەوە لە پێناو خزمەتکردن بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: داواکارین حکوومەتی هەرێم بتوانێت لە ڕێی دام و دەزگاکان و هەمیش بە بڕینەوەی بڕی مووچەیەکی باش بۆ ئەم خاوەن پێداویستییە تایبەتانە خزمەت بەو چینە بکرێت و هۆشیاری و ڕێنمایش لە ناوەندەکانی خوێندندا بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی هۆکارەکانی زۆربوونی ئۆتیزم و چارەسەری پێویست لەو بوارەدا ڕەچاو بکرێت.