خەبات: دانا بۆتانی:- مەزهەر ئیبراهیم دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە بەشی شانۆ، 21 ساڵ وەک دەرهێنەر و کاری دۆبلێر لە راگەیاندنەکان کاری کردووە. له دیمانهیهكدا بۆ رۆژنامهی خهبات وهڵامی چهند پرسیارێكی داینهوه.
*یەکەم کاری هونەریت کەی بوو؟
ئەوکاتەبوو کە رۆڵم بینی لە شانۆگەریی چۆلەکەیەک لە تاو ئازارەکانی سەما دەکات، کە لە نووسین و دەرهێنانی سەدیق حوسێن بوو، ئەم شانۆگەرییە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، لە هەمانکاتدا یەکەم دەرکەوتنی منیش بوو لەسەر شانۆ.
*تا ئێستا خاوەنی چەند کاری هونەریت؟
زیاتر لە 35 شانۆگەریی رۆڵم بینیوە، بەردەوامیشم لە کاری هونەری و سینەماش، لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمدا، بە فیلمی سووتانی پەپوولە بەشدار بووم، وەک دەرهێنەر لە نێو پەنجا کورتە فیلمدا پێنجەم فیلم دەرچوو، ئەم فیلمەش لە نووسینی بەکر ڕەشید و بیرۆکەی شێرکۆ بێکەس و دەرهێنانی بەندە بوو.
*لە نێوان کاری کۆمیدیا و تراژیدیادا کامیان هەڵدەبژێریت؟
ئەمانە دوو ژانری سەرەکیی شانۆن، بەڵام من تراژیدیا هەڵدەبژێرم، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە کۆمیدیا کەمتر بێت لە تراژیدیا، بە پێچەوانەوە رۆڵبینین لە کۆمیدیا قورسترە لە تراژیدیادا ئەگەرچی لە ڕاستیدا من کۆمیدیام خۆشتر دەوێت.
*لە نێوان دەرهێنان و نواندن کامیان هەڵدەبژێریت؟
نواندن لای من واتا ڕاستی و بووێری، بەڵام بەهۆی نەبوونی بیرۆکە و سیناریۆ و تێکستی باش، هەست بەبوونی بۆشاییەکی گەورە دەکرێت لە دەرهێنانی شانۆدا، بۆیە لە ئێستادا من دەرهێنان هەڵدەبژێرم بۆ کارکردنی شانۆ.
*کارکردن لەگەڵ هونەرمەندە بە ئەزموونەکان و گەنجەکان چۆن دەبینی؟
هونەرمەندە بە ئەزموونەکان مێژووی هونەری ئەم وڵاتەن، گەوهەرێکی بە نرخن و پێویستە رێزیان لێبگێرێت، بەڵام ئەکتەرە گەنجەکانمان لە ئێستادا هەم وزەیەکی باشیان هەیە بۆ کارکردن، هەمیش بەشێوەیەکی زانستییانە دەڕووانە کارەکانیان و کاری گەورە و جوان پێشکەش دەکەن.









