خەبات – ساسان دەروێش
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی ، وەکوو زەرورەتێکی مێژووی بۆ ئافرەتانی تاراوگە چەندساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک لە ئافرەتانی چالاکوانی تاراوگە وەک کۆمیتەیەکی کاراو چالاک دامەزراوە و بۆتە کۆکەرەوەی ئافرەتان ، بەرپرسی گشتیی خاتوو شیرین زەکی و جێگری بەرپرس شەهێن زاد ئەحمەدە ، لەژێر یەک ڕەشماڵدا کارو چالاکییەکانیان ئەنجام داوە و لەگەڵ ئافرەتانی کوردستانیش گرێدراون بەخزمەتکردنی پرسی ئافرەتان ، لە ئێستاشدا هەنگاو دەبڕن بۆ ئەنجامدانی یەكەمین كۆنگرەی بە دروشمی ”یەك دەنگ و یەك خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانی” لە ڕێكەوتی ١٣ی١٢ی ٢٠٢٥، لە وڵاتی ئەڵمانیا دەبەستێت . لەمبارەیەوە خاتوو شەهێن زاد ئەحمەد جێگری فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بۆ ڕۆژنامەی خەبات دوا.
پ/ ئامانج لە سازدانی یەکەمین کۆنگرەتان بۆ ژنانی دیاسپۆرای کوردستان چیە ؟
هەروەک ئاشکرایە سێ سال بە سەر دامەزراوی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی تێدەپەرێت لە سەرەتاوە بە هاوکاری ڕاوێژکاران و ئەندامانی دەستەی بەرێوبەری ڕێکخراوەکەمان ، ئەرکی ناساندنی پرۆژەی کاری فیدراسیۆن ، نووسینی بەرنامەو پەیرە و ، ڕێکخستن ، چالاکوانانی هاوکار و ئەندام لە فیدراسیۆن ، رێخستنی سایتی راگەیاندن ، پەیوەندی گرتن بە لایەنە حزبی و نا حیزبی دواتر لە درێژەدا بە فەرمی ڕاگەیاندنی رێکخراوەکەمان لە ئاستی ئەورووپا و عێراقی و کوردستانی، ئەم ئەرک و چالاکییانە پێویست بوو لە کۆبونەوەیەکی بەرفراواندا و بەفەرمی ناساندنی بە سێ هۆکاری سەرەکی ، یەکەم شەفاف سازی و ڕوونکردنەوەیەک لە کار و چالاکییەکانمان لە نزیکەوە بخەینە بەر ڕاوبۆچونی نوێنەران و ئەندامانمان ، دووهەم بەرنامە و پەیرەوی فیدراسیۆن لە گەل ئەندامان تاوتوێ بکرێتەوە ، سێیەم دەستەی کارگێری نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی دوای کۆنگرە دیاری بکەین ، دیارە هەر وەکوو دەزانن کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی هەر رێکخراوەیەکە ، بەو واتایە کە ، هەر ئاڵوگۆرێک لە بەرنامە و پەیرەو ، یان هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێ ، هەروەها پێشنیاری تازە بۆ بەرێوەبردن یان هەر پەسەندکراوەیەک کە نوێنەرانی کۆنگرە بە زۆرێنە دەیگونجێنن ، ئەم رەوالە وەکوو ئەرکێکی کاری دەبێتە رێکاری چالاکییەکان بۆ ماوەیەکی دیاری کراو لە نێوان دوو کۆنگرە ، ئێمەش بەشێوەیەکی دیموکراتیک هەر وەکوو ئاماژەم پێدا کاری کۆنگرە دەبەینە پێش راپۆرتی کاری چالاکیەکانمان دەخەینە ڕووی ئەندامان ، بەرنامە و پەیرەوی فیدراسیۆن تاوتۆ دەکەن لە ئەنجام دا پەسەندکراوەکان دەبێتە بەرنامەی کاری ڕێکخراوەکەمان. .
پ / لەسەرچ بنەمایەک بەربژێری ئەندامان دەکرێ بۆ کۆنگرەکە و تاچەند دەتوانن خۆیان هەڵبژێرن بۆ دەستەی باڵای بەڕێوەبردن ؟
چۆنیەتی هەڵبژاردن لە هەر حاڵەتیک دا بە شێوەیەکی دیموکراتیک دەبێ بەرێوە بچێت ، کارگێرەکانی بنەڕەتی دەبێت لە هەموو پارچەکانی کوردستان بوونیان هەبێت، کە ئەم خاڵە لە سەرەکیترین بابەتە کە بە حوکمی کوردستانی بوونی ئەم ڕەوتە ، بەرنامە و پەیرەوی ئێمەییە ، ئەم پێکهاتەیە بە باشترین ڕێکار دەزانێت بۆ وەدێهاتنی ئامانجی کاری فیدراسیۆن ، هەر بۆیە هەر کەس کە بە تەواوی خۆی لە ناو ئەجیندای ئەم فیدراسیۆنە دا دەبێنیتەوە دەتوانێ بە بێ جیاواز خۆی هەڵبژێرێت ، لە بابەت ژمارەی بەربژێرەکان بەلەبەرچاوگرتنی بەشەکانی ئۆرگانیک کە فیدراسیۆن بەرێوە دەبەن لەبەرچاو دەگیرێت ، ڕێژەی کارگێران یان بەرێوەبەری فیدراسیۆن دوای دەنگدانی گشتی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند دەدرێت کە کام بژاردە بە چ میکانیزمێک ئەرکەکان بەرێوە دەبات ، لەو بوارەدا روونکردنەوەی زیاتر لە کۆتایی کاری کۆنگرە دەخرێتە ڕوو بۆ بیرورای گشتی،
پ / هیچ کۆنگرەیەک بێ پەیڕە و پڕۆگرام نابێت کە دەبێتە بەرنامە داڕێژەر و زامنکردنی مافی ئەندامەکانی ، چۆن خۆتان بۆ ئامادەکردووە؟
زۆر راستە ، ئێمە دامەزرێنەرانی ئەم فیدراسیۆنە بە هاوکاری و هاوبیری دەستەی ڕاوێژکارانمان ، پەیڕە و پرۆگرامی کاری خۆمان دارشتووە تا لە سەر ئەم بنەمایە بۆ پرسی تایبەت بە ئافرەتانی کوردستانی لە دیاسپۆرا کاری پێدەکەین ،دارشتنی بەرنامە و پەیڕەوە کارێکی ئاسان نەبوو بە دەیان کۆبوونەوە ، بە دەیان کاتژمێر کاتی بۆ تەرخان کرا ،تا بتوانین هەموو بوارەکان ، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرین و تا لە هیچ بوارێکدا تووشی گرفتی لاوەکی نەبینەوە ، باوەرمان وایە ئەگەر ئەندامانمان تێبینیان لەسەر هەبێت ڕاو بۆچونەکانیان وەبەرچاو دەگیرێت بۆ نوێ کردنەوەی دەستووری نوێ، .
پ / بیرۆکەی دانانی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی لەچیەوە هاتووە و بۆ چ ئامانجێک داتانمەزراندووە ؟
لە راستی دا ئەم بیرۆکەیە لە نەبوونی رێکخستنێکی گشتی بۆ دۆزی رەوای پرسی ژنانی کوردستانی بوو بەتایبەت لە دیاسپۆرا، ئەم بیرۆکەیە تایبەت بە ژنانی یەک یان دوو پارچەی داگیرکراوی کوردستان نیە ، لە ڕاستیدا پردی پەیوەندی هەرچوارپارچەی کوردستان و بەشی کوردانی سۆڤیەتەی جاران لە خۆ دەگرێت ، ئامانجی ئەم فیدراسیۆنە هاودەنگی و پشتگیری و هاوکاری هەمە لایەنەمانە بۆ کێشەکان و ویست و داخوازیەکانی ژنانی کوردستانیە بە گشتی ، هەر وەک ئاماژەمان پێدا هەوڵدراوە چالاکییەکان بەربڵاوتر بکرێتەوە بۆ ژنانی کوردستانی لە هەر چوار پارچە ، لەسەر ئەم ئەساسە ئەندامانی بنەڕەتی فیدراسیۆن نوێنەرانی هەر چوارپارچە لە خۆدەگرێت،کە تا بە ئێستا بە شێوەیەکی پراکتیک و بەربڵاوتر لە هەر ڕێکخراوەیەکی ژنان کار و چالاکی پێکراوە، .
پ / کۆمیتەی ئامادەکاریتان لەکێ پێکهاتبوون و چۆن هەڵبژێردران ؟
کۆمیتەی ئامادەکاریمان پێکهاتەیەک لە چەند ئافرەتانی چالاکی خۆبەخش، لە هەر پێنچ پارچەی کوردستان بەئاگاداری دەستەی ڕاوێژکارانمان بە هەماهەنگی ئەوان ، لە کۆبوونەوەکانمان ، هەروەها بە هاوکاری ژنانی چالاک لە دیاسپۆرا و ناو خۆی کوردستان بەشی( باشووری کوردستان) ئەرکی فیدراسیۆن لە بەشەکانی راگەیاندن ، سایتی تایبەت،بەشەکانت ڕێکخستن ، بە شی پرۆژە و توێژینەوە و بەشی دارایی ، راگەیاندن ..کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەمان بەرێوە بردووە، کە ئەم بەشانە لە چەند ولاتی دیاسپۆرا و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوام داهەن و ئامادەکاری ئەم کۆنگرەیەش بە لێهاتوویی سەرپەرشتی دەکەن . .
پ / کۆکردنەوەی ئافرەتانی دیاسپۆرا لە دەوری یەک و کارکردنی بەیەکەوەیی و هاودەنگی بوون لە تاراوگە تاچەند لە ڕێکخراوەکەی ئێوە ڕەنگدانەوەی هەبوو ؟
بەداخەوە چالاکی لەم پرسە دا بەتایبەت لە تاراوگە دا کارێکی ئاسان نییە ، گرفتی زۆرمان لە بەر رێگا بووە ، ئەمە زۆر سروشتییە ، هۆکارەکەی جیاوازی ئیدۆلۆژی کەسەکان و هەژموونی بیروباوەری حزبایەتی وایکردووە تاکەکان نە لەیەک مەستەوادابن ، نە وەک یەک بیر بکەنەوە ، بەهەر حال بە هەولێکی زۆر تا سنوورێک چەند لە رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەلات و باشوور و رۆژئاوا و باکوور ، هەر وەها چالاکوانانی سەربەخۆمان بە پشت بەستن بە ناوەڕۆکی بەرنامە و پەیرەو و بەربلاوی چالاکیەکان ، ناوەرۆکی پەیامەکانی فیدراسیۆن و سەردانەکان و بە قەناعەتێک گەیاندووە کە ئەم فیدراسیۆنە لە بەرژەوەندی دۆزیئافرەتانی کوردستانییە و، راستەوخۆ سەر بە هیچ حزبێکی تایبەت نییە ، بەلام داوای یارمەتی مادی و مەعنەوی لە هەموو لایەک دەکەین لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکانمان لەم راستایەدا ، بەخۆشیەوە تا بە ئێستا لە لایەن چەند حزب و رێکخراوەی ژنانی کوردستانی و لایەنەکان و کەسایەتیەکان پێشوازی باشمان لێکراوە ، چ لە باری مادی ، چ لەبواری مەعنەویەوە ، کە ئەم هاوکارییە هۆکاری نەزمێکی بێوینە بووە لە بابەت ئەرک و چالاکیەکانی فیدراسیۆن، .
پ / ئێوە هەماهەنگیتان هەیە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی و ڕێزدار شیفا بارزانی، کە نوێنەری سەرۆک بارزانیە و کاربۆ ئەوە دەکەن کورد لە تاراوگە لە ژێر یەک چەتر کۆبکەنەوە ؟
دیارە لە دەرەوەی ولات چەند چالاکی فەرهەنگی و کولتووری هەن کە لە بواری نەتەوەیی دا ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەجێ دەگێنن ، رەوەندی کوردستانی و بەرێز کاک شیفا نوێنەری سەرۆک بارزانی لەم ئەرک و خزمەتکاریەدا رۆلێکی بەرچاو و کاریگەریان لە مەر پرسی نەتەوایەتی و لۆبیگەری بۆ کورد لە دیاسپورادا هەیە کە لە ڕەهەندەکانی خوێندکاری ، لاوان ، ژنان و کۆمەڵە کولتووریەکانی دیاسپۆرا ڕۆلێکی زۆر ئەرێنیان هەیە ، بەخۆشیەوە یەکێک لەو بەرپرسە سەرەکیانە بوو پێشوازی لە بیرۆکەکەمانی کرد تا بە ئێستا لە زۆر بوارەوە هاوکاری مادی و مەعنەوییان بەم فیدراسیۆنە گەیاندووە بەبێ هیچ چاوەروانیەک جیالە دڵگەرمی و هاندان بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە ، بە شانازیەوە ناوی رەوەندی کوردستانی و شەخسی بەرێز شیفا بارزانی و چەند رێکخراوە و کەسانێکیتر لە مێژووی فیدراسیۆندا دەمێنێتەوە و تۆمار کراون
پ / ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە ڕێکخراوەکەتان بەشدارە لەگەڵتان چەندن ! ئایا ئافرەتانی هەموو وڵاتەکانی ئەورووپاتان لەگەڵە؟
دیارە فیدراسیۆن زۆرتر تەرکیزی خستۆتە سەر کەیفییەت و توانامەندیەکان ، بێگومان رێژەی ئەندامانیش کاریگەری خۆی هەیە ، دەتوانم بلێم فیدراسیۆن بە رێژەیەکی باش و بەرچاومان لە کوردستان و لە زۆر لە ولاتانی ئەورووپا، هەروەها لە ئەمەریکا و ئوسترالیا ش ئەندام و، رێکخستنمان هەیە ، جیا لە ئەندامانی سەر بەخۆ ، چەند رێکخراوەیەکی ژنان لە گەلمان هاوکارن ،
پ / تاچەند گوێ لە بیرو بۆچوون و ئایدیای ئافرەتانی جیاوازی تاراوگە و هەرێمی کوردستانیش دەگرن و هاوکارن لە گەڵیان و گرنگی بە پرسە نەتەویی و نیشتیمانیەکان دەدەن ؟
بێگومان ، باوەری سەرەکی ئەم فیدراسیۆنە لە مەڕ پرسی ژن لە چوار چێوەی بیری دێموکراتیک و چەمکی تۆلێرانس دا خۆ دەبێنێتەوە ، لە ڕاستی دا ئامانجی گشتیمان لە گرێ دانەوەی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی و ناوخۆی کوردستان و هاوکاری گەیاندن و هاودەنگی مان لە پێناو عەدالەتی کۆمەلایەتی و نەهێشتنی ستەمی ڕەگەزی و دادپەروەرییە لە ناو نیشتیمانێکی ئازاد و فرە چەشن ، ئێمەپێمان وایە جیا لە بیر و بۆچوونی ئایدولۆژیای جیاواز ، خالی بەهێزمان هەیە بۆ یەکریزی و هەماهەنگی لە پرسی تایبەت بە خۆمان و پرسی نەتەوەییمان، .
پ/ لە کۆتاییدا چیمان بیرچووە بێڵێن ؟










