بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی چەمچەماڵ زیانە گیانییەکانی لافاوەکەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ و دەوروبەری بڵاوکردەوە ڕایگەیاند:” بەهۆی لافاوەکەی ئەمڕۆوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست داو حەوت هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.”
د.نورالدین جلال فتاح، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ڕایگەیاند:” لە ئێستادا بریندارەکان سەرجەم چارەسەر و پێویستیە پزیشکییەکانیان بۆ ئەنجامدراوە، کە شکان و برینداربوون و گرفتی هەناسەدانیان هەبوو.”
ڕاشیگەیاند:”یەکێک لەبریندارەکان، کە هەردوو قاچی شکاوە نەشتەرگەری وچارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدەدرێت دوای جێگیربوونی باری تەندروستیان سەرجەمیان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن.”
ئەمڕۆ ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ باران
بارینی بەخووڕ لە قەزای چەمچەماڵ، بووە هۆی درووستبوونی لافاو کارەساتێکی گەورە، کە بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش بریندار بوون. هەروەها لافاوەکە زیانێکی زۆری ماڵی و دارایی بە سەدان خێزان و چەندین فەرمانگەی حکوومی گەیاند.
جێی باسە،بەهۆی ئەم دۆخەوە، قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بڕیاری دا سبەی چوارشەممە (١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) پشووی فەرمی بێت لە هەموو فەرمانگە حکوومییەکان، قوتابخانەکان، خوێندنگاکان و زانکۆکان.