خەبات: حەمید سورچی:- خانمە هونەرمەندی شێوەکار پەیام ڕزگار ئەحمەد، دانیشتووی قەزای ڕەواندزە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکارییە، دوو ساڵە وەکو مامۆستا درێژە بە پیشەکەی دەدات.

لە دەستپێکی ئەم دیدارەدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات، پەیام ڕزگار، لە بارەی چۆنییەتی ئاوێتەبوونی لەگەڵ هونەری شێوەکاریدا گوتی: هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی وێنەکێشانم هەبووە، دواتر بڕیارم دا بەشێوەیەکی ئەکادیمی درێژە بە بوارەکەم بدەم، لەگەڵ چوونم بۆ پەیمانگە زیاتر ئاشنای جیهانی هونەر بووم، ئێستا بەشێک لە ئارامیی دەروونم وێنەکێشانە و لەگەڵ هەڵگرتنی فڵچەکەم زۆر ئاسوودەم.

دواتر سەبارەت بەوەی سەر بەچ قوتابخانەیەکی هونەری شێوەکاریت؟ بۆ ئەوەش گوتی: لە درێژەی ئەزموونی ئەو چەند ساڵە زۆربەی ستایل و قوتابخانەکانم تاقیکردۆتەوەو حەز بە زۆربەیان دەکەم، هەروەها لە بارەی ئەوەی تاچەند کۆلێژ و پەیمانگەی هونەرەجوانەکان دەتوانن هونەرمەندی شێوەکار و کایەکانی دیکەی هونەری بەرهەم بێنن بەبێ ئەوەی خودی کەسەکە بەهرەیەکی هونەریی تێدا بەرجەستە نەبووبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەم خانمە شێوەکارە گوتی: بە بۆچوونی من وێنەکێشان بەهرەیەکە دەبێ لە کەسەکان هەبێت، بەڵام بێگومان پەیمانگە و کۆلێژ ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە لەسەر بەرەو پێشچوونی ئەو بەهرەیە کەوا کەسەکە هەیەتی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە بارەی ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەنێو تابلۆکانیدا گوتی: بێگومان کە دەڵێن ئافرەت نیوەی کۆمەڵە ئەمە ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر تابلۆی شێوەکارانی کورد هەیە، هەم وەک ئەو کار و چالاکیانەی ڕۆژانە کردوویانە هەم وەک سومبولی تێکۆشان و ئازایەتی ڕەنگی داوەتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی لە ڕێی تابلۆکانت دەتەوێ چ پەیامێک بگەیەنیت، تابلۆکانت زیاتر گوزارشت لە چی دەکەن؟ بۆ ئەوەش گوتی: دەمەوێت لە ڕێی تابلۆکانم پەیامی خۆم و ژیان بە گشتیی بگەیەنم و پیشانی بینەری بدەم، بە بۆچوونی من هونەر واتا گەیاندنی پەیامێک، تابلۆکانیشم مانادارن و ماناکانیان زیاتر نیشتمانپەروەری و ئازایەتیی ئافرەت و خۆشەویستی و تووشبووانی شێرپەنجە و بە مەبەستی جوانکاری ناو ماڵ و ئۆفیسەکانیشه‌.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لە بارەی ئەوەی ڕەوشی هونەری شێوەکاری لە کوردستاندا لە چ ئاستێکدا دەبینی؟ لەم نێوەندەشدا ڕۆڵی ئافرەتان لەنێو کایەی هونەری شێوەکاریدا چۆن دەنرخێنیت؟ لە وەڵامدا گوتی: لە ئێستادا ڕەوشی هونەری شێوەکاری لە کوردستان بەرەو ئاستێکی باش هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا لەئاست چاوەڕوانی شێوەکاران نییە وەک وڵاتانی دیکە، بێگومان ئافرەتی کورد لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی سەرکەوتووی هەیە، هونەری شێوەکارییش بێبەش نییە، بێگومان ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەو پێشچوونی بواری شێوەکاری هەیە.