پهیامنێری (خهبات) لهگهڵ بهڕێز (بۆتان تەحسین)
خەبات: ساسان دەروێش:- لەم سەردەمەی ئێستادا خەڵکانێک پێیان وایە بۆ لاوازکردنی کاغەز و دوورخستنەوەی خوێنەر لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب ، هۆکاری سەرەکی شۆشیال میدیا و پێگە ئەلیکترۆنیەکانە، کەزەرەرمەندبووین تیایدا ، کەچی هێشتا تامەزرۆی کاغەزن و لە نێودەستیانە و بەگرنگی دەزانن لەهەبوونی و چێژیان پێدەبەخشێت لە خوێندنەوەیان ، لەنێو کێشمەکێشی جەنگی ئەم دووبەرەیەدا ، زاڵبوونی یەکێکیان بەسەر ئەوی تریان ، خونچەی نوێ و گوڵ دەبنە بەهاری ڕازاوەی نووسین لە نوێکاری لەهزری بیرمەندان بەنموونەش کوردستان کرۆنیکڵ بۆ خۆی شۆڕشێک بوو بۆ گەڕانەوە بە کاغەز بە دیزاینی ڕەنگاوڕەنگی مۆدیرن و ناوەڕۆکێکی پڕبایەخ بەهەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەمبارەیەوە لەسەردانێکم بۆ ئۆفیسی سەرەکیان لە هەولێر لەنێو گفتوگۆیەکم لەگەڵ ڕۆژنامەنووس بۆتان تەحسین، بەرێوەبەری کوردستان کرۆنیکڵ دوان بۆ خەبات.
شۆڕشێک بۆ گەڕانەوەی متمانە بەکاغەز
لە پیرە شارەکەی قەڵاو منارە، ڕۆژنامە نووسێکی بەئەزموون و خاوەن چەندان نووسین و ستافێکی لێهاتوو شارەزا ، شۆڕشێکی نوێیان بۆ گەڕانەوەی متمانە بەکاغەز بەشێوەیەکی مۆدیرن، ئەسپی خۆیان تاودا لە دەرچوونی کوردستان كرۆنیكڵ، کە بۆتە پڕۆژەیەكی میدیایی و نیشتمانیی كوردستانی، بەلەچاوگرتنی ئەو ژمارانەی بەردەست كار دەكات بۆ ناساندنی زیاتری كەلتوور و هونەر و ڕووداوەكانی كوردستان بە خوێنەرانی بیانی لە كوردستان و جیهان ژمارەیەکی بەردەست خوێنەران دەکەون لە ئەورووپاو ئەمەریکا وکەنەدا. وێڕای ژمارە عەرەبیەکەشی بەهەمان شێوە بەردەستە بۆ وڵاتانی عەرەبی ،بۆتان تەحسین لەوبارەیەوە گوتی : ئامانجی كوردستان كرۆنیكڵ نزیكبوونەوەیە لە كەلتوورە جیهانییەكان و نزیكخستنەوەی كەلتووریی نێوان نەتەوە و وڵاتە جیاوازەكان، بە ئامانجی دۆستایەتی و پشتیوانیی هاوبەش و پەرەپێدانی كەلتووری بەیەكەوە ژیان و لە یەكتر تێگەیشتن و یەكتر قبووڵكردن. لە ئێستادا کاری کوردستان كرۆنیكڵ گەیشتۆتە ترۆپکی سەرکەوتن و خاوکردنەوەی گرژییەکانی ڕەگەزپەرستەکانی دژ بەکورد و کوردستان بۆ تێگەیشتنیان لە خاک و ئاڵای کوردستان و نەتەوەیەکی بندەستەی چەند ملیۆنی و دروستکردنی پردی خۆشەویستی کورد و نەتەوەکانی تر و دۆستایەتیکردنیان لەگەڵمان کاری بەردەوام دەکەین بەنووسین و کاریگەریان هەبووە بۆ ئەوئامانجەی پەیڕەوی دەکەین. وتیشی: كوردستان كرۆنیكڵ، هەڵگری پەیامێكی كوردستانییانەیە، دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە هەموو ئامرازەكانی گەیاندن، كوردستان و كەلتوورەكەی بە جیهان بناسێنێت، چەقی كاركردن و گرنگیپێدان و ڕووماڵكردنی هەر ڕووداوێك، ڕەهەندێكی كوردستانییانەیە، هەر ڕووداو و بۆنەیەكی كوردستان، جێگەی كاركردنی دەبێت. بە بەكارهێنانی ستاندەردە جیهانییەكان، ڕوو لە وەرگرانی جیهان دەكات، بە ڕێگا پڕۆفێشناڵەكانی كاركردنی میدیای كەلتووری وڵات دەناسێنێت.
شۆڕشێک بەنووسین لەپێناو ناساندنی شووناسی کورد
لەدرێژەی گفتوگۆکەم لەگەڵ ڕۆژنامەنووس بۆتان تەحسین بەڕێوەبەری كوردستان كرۆنیكڵ، باسی لەهەوڵەکانیان بۆ پێگەیاندنی میدیایەکی جیاواز و پڕۆژەكەیان پێیی گوتم: كوردستان كرۆنیكڵ، یەكەمین ژمارەی لە شوباتی ساڵی 2023 بڵاو كردەوە، وەكو هەنگاوی یەكەم بۆ زیاتر گەورەبوون و بە جیهانی بوونی گوتارەكەی. مانگانە بە كۆمەڵێك بابەت و فیچەر و بەدواداچوونی جیاواز، كە ڕەهەندێكی جیهانییان هەبێت و ناسنامەكەشیان كوردستانی بێت هەڵەکانی چڕکردەوە. گوتیشی : گۆڤارەکەمان مانگانە لە ئیستەنبوڵ چاپ دەكرێت وبڵاودەکرێتەوە بەدنیایدا. لە ژمارەی مانگی شوباتی 2024 یەكەمین چاپی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای گۆڤارەكەش چاپ بوو. ئێستا گۆڤاری كوردستان كرۆنیكڵ لە ئیستەنبوڵ بۆ ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی ئەورووپا چاپ دەبێت. لەوێوە ڕەوەندی وڵاتان لە كوردستان و ناوەند و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و تیك تانك و بەرپرسیارانی حكوومی و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتانە، كۆپییەكی گۆڤارەكەیان بۆ دەنێردرێت. لەویلایەتی نیوهامشەهری ئەمەریكاش، چاپی ئەمەریكای گۆڤارەكە بڵاو دەبێتەوە، كە وێنەیەكی گۆڤارەكە بۆ سەرجەم، كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكان و بەرپرسانی پەیوەندیداری حكوومەتی ئەمەریكا و كەنەدا و نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان لە بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، كۆپییەكی گۆڤارەكەیان پێدەگات.هاوکات لەئێستاشدا چاپی زمانی عەرەبی و ڕۆژنامەی گلکەندیش دەردەچن بەهەمان دیزاینی ڕەنگاو ڕەنگ و کوالیتی بەرز . هەروەها بۆتان تەحسین ئەوەشی خستە ڕوو کە مانشێتەکان بەخەت نووسی کۆن و دەست دەنووسن ، مەبەست لێێ گوتی: گەڕانەوەیە بۆ دەقەکۆنەکان و ئاشنابوونی خوێنەران بەوفۆنتانە کە تام و چێژێکی تایبەتی دەبێت بۆ خوێنەران و سەرنجدانیان لەشۆڕشێک بەنووسین لە پێناو ناساندنی شوناسی کورد.
