سهرهتا وتار بۆردومانكردنی كۆرمۆر؛ پەیامێكی هاوبەشی مایەپووچبوونی سیاسی و لهیاسا دهرچوونه
جەواد مەلەكشاهی
بە ئامانجگرتنی ژێرخانی بنەڕەتی بژوێن لە هەرێمی كوردستاندا، چیتر تەنیا دەستدرێژییەكی ڕاگوزەر، یان پەیامێكی گوشاری سیاسیی نییە؛ بەڵكو كارێكی تێكدەرانەی ترسنۆكانەیە، كە دەگاتە ئاستی تاوانی ڕێكخراو دژی مەدەنییەكان، ئابووری ناوچەكە و سەقامگیرییەكەی. بۆردومانكردنی كۆرمۆر، كە بە شادەمارێكی سەرەكیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، تەنیا هێرشێكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵك نییە، بەڵكو هێرشە بۆ سەر نەخۆشخانە، ماڵ، پڕۆژەكان و بۆ سەر هەر منداڵێك، كە شەو بەبێ كارەبا خەوتووە، لەبەر ئەوەی گرووپێك بڕیاریداوە (هێز)ی خۆی، لەسەر كیستی ئاسایشی هاووڵاتی و مەرامێكی سیاسیی چەپەڵ دەربخات. ئەوەی ئەم دەستدرێژییەی كردووە، سەلماندی، كە نە خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانیی، نە دیدگای سیاسیی و تەنانەت بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەشی نییە؛ ئەو لە دوورەوە گورز دەوەشێنێت، دامەزراوە مەدەنییەكان دەكاتە ئامانج، پاشان خۆی لە پشت دروشمە پڕوپووچەكان دەشارێتەوە. ئەم كردەوانە تەنیا گوزارشت لە مایەپووچبوونی هزری و ئاكاری دەكەن و هەوڵێكی نائومێدانەن، بۆ دروستكردنی ئاژاوە، قۆڵبادانی حكوومەت و پەكخستنی ئەو گەشەسەندنەی، كە هەرێم بەخۆیەوەی بینیوه.
لێدانی كۆرمۆر، لێدانی ژێرخانی بنەڕەتی گەلی كوردستان نییە، بەڵكو لێدانە لە متمانەی خەڵك و سەقامگیرییان، لێدانە لە ڕووەتی عێراق لەبەردەم كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكاندا، كە چیتر نازانن، ئایا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێكدا دەكەن، كە خوازیاری وەبەرهێنانە، یان مامەڵە لەگەڵ گرووپی لە یاسادەرچوودا دەكەن. مایەی شەرمەزارییە ئەم كردەوانە بەبێ لێپرسینەوەی ڕاستەقینە تێپەڕن، چونكە بێدەنگی لێرەدا بێلایەنی نییە، بەڵكو بەشداریكردنێكی ناڕاستەوخۆیە لەم ئاژاوەیەدا. پێویستە حكوومەتی فیدراڵ، بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی بە تەواوەتی لەئەستۆ بگرێت، وازیش لەو مەراییە سیاسییانە بهێنێت، كە وای كردووە هەندێك لایەن وەك دەسەڵاتی هاوتەریب ڕەفتار بكەن. هەروەها دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمپانیاكانی وزەیش، درك بەوە بكەن، بەردەوامیی وەبەرهێنان لە عێراقدا، پێویستی بە هەڵوێستێكی توند بەرانبەر ئەوانە هەیە، كە ئابووری وەك ئامرازێك بۆ گوشاری سیاسی بەكاردەهێنن.
هەرچی گەلی كوردستانە، كە لەسەر ئارامی و بەهێزی ڕاهاتووە ، ئەمڕۆكە بە ڕوونی دەنگیی بەرز دەكاتەوە، تاكوو بۆ مایەپووچبووانی سیاسیی و لە یاسادەرچووانی دووپات بكاتەوە: هەرگیز نابێتە پاروویەكی چەوری یاریی مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، بەگەنیشی ناكات، مافی خۆی لە كارەبا و خزمەتگوزارییەكان، بكرێتە كارتی سازش لەنێوان لایەنەكاندا.
بۆردومانكردنی كۆرمۆر، زەنگێكی ئاگاداركردنەوەی نوێیە، بەوەی بێدەنگبوون لە دەستدرێژیكاران، دەوڵەت دروست ناكات، خۆدزینەوەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی خراپەكاران، سەقامگیری بنیات نانێت. هەرێمی كوردستان شایستەی ئەوەیە بە ئارامی بژی، شایستەی ئەوەیە ڕێز لە پڕۆژە و سامانەكانی بگیرێت، ئەوی دەستدرێژیشی بكاتە سەری، دەبێت ناوی بهێنرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، لەژێر هەر پەردە و پاساوێكدا خۆی شاردبێتەوە.
و: ڕەمزی میرەكانی