كێ سوودمەندە و كێ لە پشت هێرشەكانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان؟

114

د. خالید قەرەغولی
شار و سەرچاوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان، ڕووبەڕووی شەپۆلێك لە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك دەبنەوە، كە دامەزراوە بژوێنەكان دەكەنە ئامانج، وەكوو كونەگازی كۆرمۆر و ژێرخانە نەوتییەكانی دیكە. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لایەنێك بە ئاشكرا بەرپرسیارێتی ئەم كارانەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام خوێندنەوەی دۆخی سیاسی و تەناهی، لایەنە سوودمەند و پاڵنەر جۆراوجۆرەكانی پشت ئەم كردەوانەوە ئاشكرا دەكات.

سودمەندە ئەگەرییەكان:
-گرووپە چەكدارەكان: ئەزموونیان لە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا هەیە، ڕەنگە ئەم هێرشانە بۆ گوشارخستنە سەر حكوومەتی هەرێم لە ڕووی سیاسییەوە بەكاربهێنن، بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان لە ناو عێراقدا بەهێز بكەن.
– هێزە سیاسییەكانی بەغدا: ڕەنگە لاوازكردنی ئابووریی هەرێم و پەكخستنی پڕۆژەكانی وزە، ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی هەندێك هێزی فیدراڵیی، لە دانوستانەكانی بودجە و دەسەڵاتەكاندا.
– لایەنە هەرێمییەكان: پێیان وایە پڕۆژەكانی غاز و نەوت لە كوردستاندا، ڕەنگە كاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەكانیاندا هەبێت، بۆیە هەوڵ دەدەن هەرێم لە دۆخێكی ناسك و لاوازدا بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە یاریزانێكی سەربەخۆی وزە.
– گرووپە ئابوورییە نافەرمییەكان: سوود لە ناسەقامگیری بازاڕی وزە یان پەكخستنی بەرهەمهێنان، بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی دارایی یان هەژموونی ناوخۆیی وەردەگرن.

بۆچی ژێرخانی وزە دەكرێتە ئامانج؟
– چونكە بڕبڕەی پشتی ئابووری كوردستانە و هەر لێدانێك لەو كەرتە، توانای هەرێم بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابەشكردنی مووچە لاواز دەكات.
– چونكە كارتێكی گوشاری كاریگەرە، لە ململانێی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر بەكاردەهێنرێت.
– چونكە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، تێچووی كەمە، كاریگەریی زۆرە و جێبەجێكردنیشی نیمچە ئاسانە.

لێكەوتەكان:
– زیانی دارایی و پچڕانی وزەی كارەبا.
– زیادبوونی گرژییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.
– كەمبوونەوەی متمانە بە وەبەرهێنانی بیانی.
– ئەگەرەكانی فراوانبوونی گرژییی تەناهییەكان لە ناوخۆی هەرێم.

پوختە:
هێرشەكان تەنیا كردەی سەربازیی دابڕاو نین، بەڵكو بەشێكن لە ململانێیەكی فراوانتر لەسەر هەژموون، سەرچاوەكان و وزە لە ناو عێراقدا. هەرچەندە تاكوو ئێستا لایەنی جێبەجێكار نەناسراوە، بەڵام سوودمەندەكان دیارن: هەر لایەنێك لاوازكردنی هەرێم وەكوو دەرفەتێك، بۆ سەپاندنی مەرجە سیاسیی یان ئابوورییەكانی دەبینێت. بۆیە، چارەسەرەكە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی بێگەرد، بەهێزكردنی پاراستنی دامەزراوەكان و كردنەوەی گفتوگۆیەكی سیاسیی سەرڕاست لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، بۆ ئەوەی هەرێم لە پێشڤەچوونی زیاتر دوور بخرێتەوە.

و: ڕەمزی میرەكانی