هێرش بۆ سەر کۆرمۆر.. شیکردنەوە.. سیناریۆ و سوودمەندەکان

254

موحسین خالیدی (کاکەلاو)
هێرشی ئەم دواییەی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر کۆرمۆر لە نزیک چەمچەماڵ، جارێکی دیکە پرسیارێکی گرنگی لە گوتاری سیاسی و ئەمنیی عێراقدا ورووژاند: هێرشکاران کێن و بۆچی ژێرخانێکی ئاوا گرنگ دەکەنە ئامانج؟ نەبوونی بەرپرسیارێتی فەرمی و نەبوونی بەڵگەی ڕوون، شیکردنەوەکە قورس دەکات، بەڵام لێکۆڵینەوە لە شێوازەکانی هێرش و بارودۆخی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە جیاوازەکان، چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ تێگەیشتن لەم ڕووداوە دیاری دەکات.

گرنگیی کۆرمۆر… بۆچی ئەم شوێنە کراوەتە ئامانج؟
کێڵگەی گازی کۆرمۆر یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوەکانی وزە لە عێراقە کە لەناو هەرێمی کوردستاندا هەڵکەوتووە. ئەو گازەی لەم ناوەندەدا بەرهەم دەهێنرێت، سووتەمەنی چەندین وێستگەی سەرەکی کارەبای هەرێمی کوردستانە و هەر پچڕانێکی، بڕینی بەرفراوانی کارەبا بەدوای خۆیدا دێنێ. لەبەر ئەم هۆیە، کۆرمۆر تەنها ئامانجێکی ئابووری نییە، بەڵکو گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتیشە.
دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوای هێرشەکەی ئەم دواییانە، نیشانی دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم دامەزراوەیە ژیانی ڕۆژانەی سەدان هەزار هاووڵاتی دەشوێنێت و کاریگەریی کۆمەڵایەتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
ڕاستییە پشتڕاستکراوەکان و خاڵە ناڕوونەکان:
لە ئێستادا، لەمانەی خوارەوە دڵنیاین:
– هێرشەکە بە مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و وەستانی بەرهەمهێنان.
– هیچ گروپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆنەگرتووە.
– ئەم هێرشە دوای زنجیرەیەک هێرشی هاوشێوە بۆ سەر کۆرمۆر لە ساڵانی ڕابردوودا دێت.
– کاردانەوەی بەرپرسانی هەرێم و هۆشدارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان ئاماژەیە بۆ “ناوەرۆکی پلان بۆ داڕێژراوی” هێرشەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم خاڵانەی خوارەوە هێشتا ڕوون نین:
– ناسنامەی تەواوی ئەنجامدەران.
– سەرچاوەی ئەو کەلوپەلانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون.
– پاڵنەری راستەوخۆ.
چوارچێوەی شیکاری: ئەگەری چ سیناریۆیەک هەیە؟
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەمنی و کێبڕکێی سیاسی و شێوازی هێرشی هاوشێوە لە عێراقدا، دەتوانرێت سێ سیناریۆی سەرەکی بخرێنەڕوو:
1- گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان:
لەم سیناریۆیەدا، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە، لاوازکردنی ئابووریی هەرێم لەڕێگەی دروستکردنی ناسەقامگیری لە کەرتی وزەیە.
کورمۆر شادەماری سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمە و هەر هێرشێک دەبێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی و گوشاری دارایی و ئاستەنگی بۆ حکومەتی هەرێم. ئەگەر ئەکتەرێک بیەوێت لە ساتە سیاسییە هەستیارەکاندا کاریگەریی حکومەتی هەرێم کەم یان لاواز بکات، ئەوا بە ئامانجگرتنی کورمور ئامرازێکی کاریگەرە.
ئەوە ڕوون و ئاشکرایە، ئەم سیناریۆیە لەگەڵ شێوازی هێرشەکانی ڕابردوو و کاتی هەندێک قەیرانی سیاسی لە عێراقدا هاوشێوەیە.
2- کێبڕکێی نێوان گرووپە چەکدارەکان و پەیامی ئەمنی:
ئەم ساڵانەی دوایی نیشانی داوە، هەندێک هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێم پەیامی سیاسی و ئەمنی هەڵدەگرن نەک ئۆپەراسیۆنی وێرانکەر.
گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی پێکهاتەی حکومەت کار دەکەن، هەندێکجار بۆ نیشاندانی دەسەڵات و وەڵامدانەوەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە یان بەهێزکردنی سەوداگەری لەسەر ئاستی نیشتمانی، هێرشی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو ئەنجام دەدەن.
لەم سیناریۆیەدا، هەر کاولکارییەک لە کورمور کە بە سیمبولی هێزی ئابووریی هەرێم دادەنرێت، کاریگەری لەسەر هاوکێشە ئابوورییەکانی ناوچەکە دادەنێت.
3- ڕۆڵی ناڕاستەوخۆی ئەکتەرە بیانییەکان:
بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق، هەندێک لە شیکردنەوەکان، ئاماژە بە ئەگەری تێوەگلانی ناڕاستەوخۆی ئەکتەرە هەرێمییەکان دەکەن. نەک راستەوخۆ، بەڵکو لە ڕێگەی گروپە بریکارەکان یان هێزە ناوخۆییە هاوپەیمانەکانیان. ئامانجەکە لەوانەیە ناردنی پەیامێک بێت بۆ حکومەتی هەرێم و گوشار خستنە سەر پەیوەندییەکانی وزە و دروستکردنی نائارامی لەسەر رێگەی پڕۆژە ئابوورییەکان یان تەنانەت قۆستنەوەی ناسەقامگیری بۆ بەڕێوەبردنی ڕکابەرییە هەرێمییەکان. ئەم سیناریۆیە بەتایبەتی کاتێک مەترسیدار دەبێت کە هێرشەکان هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا بن.
4- سوودمەندەکان کێن؟
بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی دانپێدانراو، ناتوانین هیچ گروپێکی دیاریکراو تۆمەتباربکەین، بۆیە تەنیا دەتوانین بپرسین: کام ئەکتەر سوود لە ناسەقامگیریی وزە لە هەرێم وەردەگرێت؟ ڕەنگە بتوانین بڵێین:
– ئەکتەرە ناوخۆییەکان کە سوود لە لاوازکردنی دەسەڵاتی ئابووریی حکومەتی هەرێم وەردەگرن.
– گرووپە میلیشیاییەکان کە بە نیشاندانی توانای هێرشکردنە سەر ژێرخانێکی گرنگ، پێگەی سیاسیی خۆیان بەهێز دەکەن.
– ئەکتەرە هەرێمییەکان کە سوود لە شکستی پڕۆژەکانی وزە لە کوردستان وەردەگرن.
– ئەو گرووپانەی کە دەیانەوێت ئەم هێڕشە، کاریگەری لەسەر دانوستانەکانی بەغدا و هەولێر یان دۆسیەی وزەی عێراق هەبێت.

5- بۆچی هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەشێکە لە پەیامی هێرشەکە؟
لە زۆر هێرشی هاوشێوە لە عێراقدا، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی، بەشێکە لە “ستراتیژیی کاریگەریدانان”. کاتێک ئەنجامدەران نەناسراون، کەشێکی ناڕوون دروست دەبێت، تێچوونی سیاسی بۆ هێرشکاران کەم دەبێتەوە و لایەنی بەرامبەر ناتوانێت ڕاستەوخۆ یان یاسایی وەڵام بداتەوە. بەم شێوەیە هێرشەکە کاریگەرە بە بێ ئەوەی تێچووی هەبێت. ئەم بۆچوونە بەتەواوی لەگەڵ شێوازی هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر کۆرمۆر دەگونجێت.

پوختە
هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر ڕووداوێکی ئەمنی ئاسایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆز کە ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و هەرێمی هەیە. هەرچەندە ناسنامەی ئەنجامدەران بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لە شێوازی هێرشەکانی ڕابردوو و شیکردنەوەی ئەکتەرە پەیوەندیدارەکان، دەتوانرێت چەند سیناریۆیەکی لۆژیکی لەبەرچاو بگیرێت.
کۆرمۆر وەک خاڵێکی هەستیار لە هاوکێشەی وزە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تایبەت و عێراق بە گشتی دەمێنێتەوە و تا ئەو کاتەی کێبڕکێی سیاسی و ئەمنی لەو وڵاتەدا بەردەوام بێت، ئەگەری هێرشی زیاتر هەرگیز سفر نابێت.