مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: هەروەكوو ئاگادارن پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە ڕێكەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە كەش و هەوایەكی دیموكراسیانە و ئازادانە و بە ڕێكوپێكی و شەفافانە ئەنجام درا و لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و ڕێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكان، ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی ڕاگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.