موحسین خالیدی (کاکەلاو)

لە ڕۆژانێکدا کە جارێکیتر عێراق کێبڕکێی گەرموگوڕی هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینی، خەڵکی کوردستان بەدەنگی بەرز پەیامی خۆیان ڕاگەیاند: زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بۆ متمانەدانەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو دەنگە تەنها سەرکەوتنێکی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو جەختکردنەوەیەکی مێژوویی ئەو ڕێبازە بوو کە بە بارزانیی نەمر دەستی پێکرد و ئەمڕۆش بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی و هەوڵ و کۆششی دڵسۆزانەی سەرکردەکانی پارتەکە بەردەوامە. ئەم دەستکەوتە بە یەک ملیۆن دەنگ، دەنگدانێک بوو بۆ سەقامگیری و هیوا و بەردەوامیی بنیاتنانی هەرێمێکی خۆشگوزەران و شکۆمەند.
کەلەپووری قووڵ و متمانەی هەمیشەیی
هیچ لایەنێک لەمێژووی هاوچەرخی عێراق و کوردستاندا پەیوەندییەکی ئەوها قووڵی لەگەڵ خەڵکدا نەبووە. پارتی لە ئازار و چیا و ئاوارەیی و بەرگری لەدایک بوو. لە دەیان ساڵ تێکۆشان بۆ ئازادی و کەرامەت سەری هەڵدا. ئەم پەیوەندییە مێژووییەی نێوان پارتی و خەڵک، ئێستا بووەتە سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی کە کاریگەریی هەر قەیران یان پیلانگێڕییەک پووچەڵ دەکاتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکی کوردستان، نەک هەر دەنگیان بە حزبێک، بەڵکو بۆ مێژووی خۆیان و ئایدیاکانی بارزانی و درێژەپێدانی ڕێبازێک دا کە بڕبڕەی پشتی شوناسی سیاسیی کوردی پێکهێناوە.
ڕۆڵی سەرکردایەتی: عەقڵانییەت و هێزی یەکلاکەرەوەی بڕیاردان
هیچ سەرکەوتنێکی گەورە بە بێ هەبوونی سەرکردایەتییەکی ژیرانە وەدی نایەت. لەم ساڵانەی دواییدا، جیا لە حیکمەت و مەرجەعییەتی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی وێنەی سەرکردایەتییەکی هێمن، هۆگری دیالۆگ و پراگماتیکی پێشکەش کردووە. سەرکردایەتییەک کە توانیویەتی لە نێو گەردەلوولەکانی سیاسیی بەغدا و ناکۆکییە ناوخۆییەکان و فشارە هەرێمییەکاندا، هەرێم سەقامگیر بهێڵێتەوە.
لەپاڵ ئەوەشدا، مەسروور بارزانی لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی یەکلاکەرەوە و دامەزراوەییەوە، ڕووی دەسەڵاتی کارا و دیسپلین حکومی نیشان داوە و کارە خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەکانی بوونەتە باسی رۆژانە. هەماهەنگی نێوان ئەم دوو سەرکردەیە، پارتی لە ململانێ ناوخۆییەکان پارێزراو کردووە و کردوویەتی بە مۆدێلی پێکەوەژیانی سیاسی لە عێراقدا.
تۆماری کردار، نەک دروشم
له کاتێکدا زۆرێک له لایەنه عێراقی و کوردستانییەکان نوقمی دروشمن، پارتی خۆی به کردار و دەستکەوتەکان پێناسە کردووه. گەشەسەندنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و فراوانبوونی وەبەرهێنانی بیانی و دروستکردنی ڕێگاوبان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گشتی و سەقامگیریی ڕێژەیی ئابووری بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەمووی نموونەگەلێکی ئەم ئەنجامەن.
لە سەختترین هەلومەرجدا، کاتێک بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی پارتی نەیهێشت چەرخی ژیانی خەڵک بوەستێت. ئەم نمایشە، کاریگەریی زمانی پڕوپاگەندەی نەیارانی ناوخۆ و دەرەوەی بێڕەنگ کرد، بۆیە خەڵک لەسەر بنەمای ئەوەی بینیویانە دەنگ دەدەن نەک ئەوەی بیستوویانە.
لاوازیی ڕکابەران و بەهێزیی پێکەوەبوون
لە کاتێکدا پارتەکانی دیکە تووشی ناکۆکی و قەیرانی ناوخۆیی بوون، پارتی بە دیسپلین و ئامادەبوونی مەیدانی و پەیامێکی ڕوونەوە چووە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە. پارتی بەپێکهاتەیەکی یەکگرتوو لەگەنجان، ژنان، پێشمەرگە و نوخبەی مەدەنی، توانیویەتی هەموو چین و توێژەکان لەدەوری ئامانجێکی هاوبەشدا کۆبکاتەوە. ئەویش پێشکەوتنی کوردستان لەژێر سێبەری یەکڕیزی و سەقامگیریدایە.

دەنگ بۆ ناسنامه و کەرامەت
دەنگدانی خه ڵکی کوردستان بۆ پارتی، دەنگێکی سۆزداری و ناسنامەیی بوو. لەکاتێکدا هەڕەشەکان لەدەرەوە بۆ سەر هەرێم لەزیادبووندایە، خەڵک بەم ملیۆن دەنگە پەیامێکی ڕوونیان بۆ هەموو ئەوانەی نارد دەیانویست و دەیانەوێت کوردستان لاواز بکەن. خەڵک بە دەنگیان ڕاگەیاند کە ئێمە لە پشت پارتی دیموکراتەوە دەوەستین، چونکە ئەم پارتە ناسنامە و کەرامەتی نەتەوەییمان دەپارێزێت.
ئەم دەنگدانە دەنگدانێک بوو بۆ شکۆمەندی، دەنگێک بۆ ئەو باوەڕەی که پێویسته هەرێمی کوردستان بە گەورەیی لە بەرامبەر بەغدا و جیهان راوەستێت.
دەرئەنجامە سیاسییەکانی ئەم سەرکەوتنە
ئێستا پارتی بەزیاتر لەیەک ملیۆن دەنگ گەیشتووەتە ئاستێک کە نەک هەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، بەڵکو لەهاوکێشەی سیاسیی بەغداشدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. ئەم سەرکەوتنە دەستی هەرێم بۆ داکۆکیکردن لەماف و بودجە و پێگەی یاسایی کورد لەعێراقێکی فیدراڵیدا واڵادەکات.
لەڕاستیدا خەڵک بەدەنگی خۆیان پشتیوانییەکی بەهێزیان بۆ سەرکردایەتی پارتی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان بکات و دەنگی یەکگرتووی هەرێم لە پایتەختی عێراق بەرزبکاتەوە.
دەرئەنجام: دەنگدان بۆ داهاتوو
سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها ئەنجامی بانگەشەی هەڵمەت یان کێبڕکێی حزبی نەبوو. ئەمە ئەنجامی چەندین ساڵ لە بنیاتنانی متمانە و خزمەت و بەردەوامی لە بەدواداچوونی بیروباوەڕی نەتەوەیی بوو. ئەم دەنگە ملیۆنییە نیشانی دا کە خەڵکی کوردستان هێشتا لەو باوەڕەدان کە ڕێبازی بارزانی ڕێگای سەربەرزی و پێشکەوتن و یەکڕیزییە.
ئەم سەرکەوتنە هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە تا پارتی ئاڵای سەقامگیری و خزمەت و کەرامەتی نەتەوەیی هەڵبگرێت، خەڵک لە پاڵیدا دەوەستێت.
لە ڕۆژانی ئێستادا کە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارڕیانێکی مێژوویەکی نوێدایە، دەنگی خەڵکی کوردستان بەرز و ڕوونە: “پارتی حزبی نەتەوەیە و میللەتی کورد تا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری، لە پشت پارتەکەیەوە دەوەستێت.”