دیمانە: هاوار مورتكەیی
تامتا گۆڵۆرداڤا كچە لاوێكی كاراتێی هەڵبژاردەی لاوانی جۆرجیایە، لەسەر ئاستی لاوان چەندین ناسناوی ئەوڕووپی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و هێشتا لە تەمەنێكدایە كە دواڕۆژێكی گەشی لەبەردەمادیە، لەدەرفەتێكدا، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات، لەبارەی ژیانی وەرزشییەوە چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی ئەو كچە تەمەن 19 ساڵییەكرد:
* بۆ یەكەمجار کەی دەستت بە وەرزشی کاراتێ کردووە و سەرچاوەی ئیلهامت كێ بوو؟
– لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستم بە ڕاهێنانی کاراتێ کردووە، لە دەوروبەری تەمەنی ٩ ساڵیدا، سەرەتا تەنیا حەزم لەوە بوو کە كاراتێ بكەم، تا بەرگری لە خۆم بكەم، بەڵام دواتر هەستم کرد ئەم وەرزشە بووەتە بەشێک لە ژیانم، نەوەك تەنها بۆ بەرگری.
*باسی دەستکەوتەکانی کاراتێم بۆ بکە؟
– بەدرێژایی ساڵان، بەشداریم لە چەندین پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە، من پاڵەوانی لاوانی جیهانی و ئەورووپی و جۆرجیام.
*کاتێک بۆ یەکەمجار دەستت پێکرد، چۆن سەیری کاراتێ دەکەیت؟ باوەڕت وابوو دەبیتە پاڵەوان؟
– سەرەتا تەنها بۆ خۆشی مەشقم دەکرد و بیرم لە سەرکەوتنی گەورە نەدەکردەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کە ماندووبوون و ئەنجامەکانم بینی، متمانەم بەخۆم پەیدا کرد.
*کاتێک یارییەک دەبەیتەوە هەستت چۆنە، بە پێچەوانەشەوە؟
– کاتێک سەردەکەوم، ناتوانم خۆشییەکە بە وشە دەرببڕم، ئەوە ساتێکی شانازی و سۆزدارییە لە ژیانم كە پلانی بۆ دادەڕێژم، بەڵام کاتێک دەدۆڕێم، بێگومان ئازار دەچێژم، بەڵام هەمووكات دۆڕان یارمەتی داوم بەهێزتر و باشتر بم.
*پێت وایە کاراتێ بۆ خانمان گونجاوە، کۆمەڵگا چۆن سەیری کاراتێی مێینە دەکات؟
– بێگومان! کاراتێ فێری هێز و متمانە بەخۆبوون و دیسیپلینت دەکات، ئێستا کۆمەڵگا تا دێت قەدری وەرزشوانانی مێینە دەزانێت، ئەمەش زۆر دڵخۆشم دەکات.
*تا ئێستا کاراتێت بەکارهێناوە بۆ بەرگریکردن لە خۆت؟
– جارێک حاڵەتێک هەبوو، تاسكواندۆ بەهانامەوە هات كە بەرگری لەخۆم بكەم و لە مەترسی دوور بکەومەەوە، بەڵام كاراتێم تەنها بۆ بەرگریکردن لە خۆم بووە، نەوەك بۆ هێرشکردن.
*چی وەڵامی ئەو کەسانە دەدەیتەوە کە دەڵێن کاراتێ فێری شەڕانگێزیت دەکات؟
– ئەمە بە تەواوی هەڵەیە، کاراتێ ڕێگای شەڕانگێزی نییە، بەڵکو ڕێبازی خۆبەدەستەوە نەدان و ڕێزگرتن و ئاشتییە.
*گەورەترین خەونت لە کاراتێدا چییە؟
– خەونی من ئەوەیە کە نوێنەرایەتی جۆرجیا بکەم لە ئۆڵۆمپیاد و بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ، لە ئایندەیەکی نزیکدا پلانم هەیە زانیارییەکانم لەگەڵ منداڵان دابەش بکەم و هۆڵێكی تایبەت بە خۆم هەبێت بۆ فێركردنی منداڵان.
*شانازی بە چ دەستکەوتێکەوە دەکەیت؟
– زۆرترین شانازی بەوەوە دەکەم کاتێک ئاڵای جۆرجیا لە وڵاتێکی بیانی و لە بۆنەیەكی نێودەوڵەتی بەرز دەکەمەوە، بەتایبەتیش كاتێك لەو بۆنەیەدا سەرکەوتوومە.
* تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە واز لە کاراتێ بهێنیت؟
– هەندێک جار سوڕی مانگانەی سەختم هەبووە کە زۆر بێزاری كردووم، كە نەمتوانیوە بەشداریی چالاكییەكی كاراتێ بم و نموونەشم زۆرن، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە دەستبەرداری كاراتێ ببم، ئەم وەرزشە هی منە و هەرگیز وازی لێناهێنم.
*خۆت بە قەرزاری کێ دەزانی و بۆچی؟
– پێش هەموو شتێک بۆ ڕاهێنەر، ئینجا دایک و باوکم، هەمیشە باوەڕیان پێم هەبوو و لە پشتمەوە وەستاون، بەبێ پشتیوانیی ئەوان، ئەم ڕێگایە زۆر قورستر دەبوو.
*تا ئێستا کاراتێت بەکارهێناوە بۆ ترساندنی کەسێک؟
– نەخێر، هەرگیز، کاراتێ چەکی ترس نییە، هونەری شەرەفەو چەكی خۆبەزلزانین نییە، بەڵكو چەكی بەرگریکردنە.