فەریق ڕوکنی یەکەم، قەیس محەمەداوی، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، “ئەوەی لە خورماتوو ڕوویدا شەڕ بووە لە نێوان دوو کۆمەڵەدا و بە دەست دەستی پێکردووە.”

محەمەداوی ئاماژەی بەوەدا، کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکان زۆر خێرا بووە، بەڵام بەهۆیەوە دوو کەس کوژران. جەختیشی کردەوە و گوتی: “هەموو ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە کە تەقەیان کردووە و دوو کەسەکەیان کوشتووە.”

هەروەها ڕوونیکردەوە: “وەزارەتی ناوخۆ لای خۆیەوە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و وردی لەو بابەتە کردووە و گەیشتووینەتە ئەنجام. ئەوانەی دەستگیرکراون ڕەوانەی دادگا کراون.”

سەبارەت بەو کارمەندەی هێزە ئەمنییەکان کە دەستدرێژی کردبووە سەر هاوڵاتییەکی خورماتوو، محەمەداوی پشتڕاستی کردەوە “ئەویش دەستگیر کراوە.”

لە کۆتاییدا، محەمەداوی گوتی: “لە هەر پێشێلکارییەکی یاساییدا، دەبێت عێراق بخەینە پێشینەی هەمووانەوە. ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا بەپێی یاسا مامەڵەمان کردووە.”

ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نزیک قوتابخانەی ئیبن خەلدوون لە شارۆچکەی خورماتوو، گەنجێکی کورد بەھۆی ھەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراق پەلامار دراوە و بە قۆنداخی کلاشینکۆفەکەی لێیدەدات.