سبەی دەنگدانی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت، بەرپرسانی كۆمسیۆن دەڵێن سەرجەم ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی، 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ـی تشرینی دووەم، بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.

ئەوەش هاتووە، كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق 329 كورسییە، لەو ژمارەیە 46 كورسییان بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەش جگە لە كورسیی ناوچە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.

ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.