سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە محەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی عێراق، هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 10 ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی گشتیی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی بێگەردی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کردەوە.
هەروەها هیوایان خواست هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، لە هەموو ڕوویەکەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی باشتر ببەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە. هەروەها داکۆکییان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق کردەوە.
دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.