له‌ هەولێر، بە گوژمەی یەك ملیار دینار، بەردی بناغەی پاركێك لە گەڕەكی نیشتمان دانرا.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕاگه‌یاندراێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتی و چاودێریی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوبەرانی شارەوانی و ئەندازیاران و كەسایەتیی ناوچەكە، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دروستكردنی “لالاڤ پارك” لە گەڕەكی نیشتمان بەڕێوە چوو.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، پڕۆژەی دروستكردنی “لالاڤ پارك” لە گەڕەكی نیشتمان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە گوژمەی یەك ملیار دینار و لەسەر ڕووبەری 33135م2 لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ دەكرێت، ئەم پاركە لە چوارچێوەی پلانی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و بایەخدانە بە ژینگەی شاری هەولێر كە دانیشتووانی گەڕەكی نیشتمان و دەوروبەری سوود لەم پاركە وەردەگرن و سیمایەكی جوانتریش بە شوێنەكە دەبەخشێت.