کۆتا پەیام

282

سەلام عەبدوڵڵا
ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، لە دوانیوەڕۆدا هەموو گوێبیستی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بووین لە یاریگای شەهید (فرەنسۆ هەریری). پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو، هێمن و بەرپرسیارانە و دوور لە توانج و تەواو شارستانییانە، ئەویش بەپێچەوانەی هەموو ئەو پەیامە بازاڕییانەی کە لە ئاستی نەزانین و توندوتیژ و بێ مانا و ناوەڕۆک و پڕ لە رق و قین و نابەرپرسیارانە بوون، چونکە لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەبری ئەوەی پەیامەکان پڕ بێ لە ئومێد و هیوا، دەمانبینی لەسەر ستەیجەکان هات وهاوار باڵادەست بوو، گوتاری ڕق و کینە زاڵ بوو، بێ ئومێدکردنی هاووڵاتی بە حکوومەت و تواناکانی سەرتۆپی بانگەشەکانیان بوون.

وتارەکان، کە لەڕاستیدا وتار نەبوون و هات و هاوار بوون، مەبەست لێی تەنیا بریندار کردنی هەستی نیشتمانپەروەریی هاووڵاتیانی هەرێم بەتایبەتی و کورد بەگشتی بوون.

فەرموون ئەوانە لە وتارە هاوارئاساکانیاندا، دژی ئاوەدانی و ڕووناکی پەیامی ئاگرینیان دەدا. گاڵتەیان بە ڕێگەوبانی مۆدێڕن و شەقامی جوتساید و پۆند و پرد و ئاوەدانی دەکرد و بە کارێکی بێ بایەخیان لە قەڵەم دەدا و قەشمەرییان بە کارەبای 24 کاتژمێری دەکرد و دەیانوت، ئەوە گازی ناوچەی ئێمەیە و ئێمە نەماندەهێشت ئەو گازە بەکار بێت تا بەسەر لاشەکانماندا نەڕۆن.

مرۆڤ ناچارە پرسیار بکات، ئەی بۆ خۆتان بەکارتان نەدەهێنا و ئێستا ئێوە شانازی بەو پرۆژە مەزنەوە بکەن؟
ئێوە مرۆڤی بنیاتنەر نین، دەتوانن شەڕ هەڵبگیرسێنن، شار ئاڵۆز بکەن و لە بەغداش دژایەتی هەرێم بکەن. هەموو ئەوانە دەتوانن، بەڵام ناتوانن و نەتانتوانیوە مسقاڵێک خزمەتی هەرێمەکه‌مان بکەن.

بۆیە دڵنیا بن دانیشتووانی هەرێم هێندە بێ ئاگا نین. بۆیە -پێتان خۆش بێت یان نە- دەنگ بە لیستی (275) دەدەن و ئەوەش لە یازدەی مانگدا بە چاوی خۆتان دەبینن.