سبەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت و تەنیا لە هەرێمی كوردستان ٢٧٠ هەزار كەس لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەنگ دەدەن.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئۆفیسی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “هەموو ئامێرەکان بۆ دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دانراون و هیچ کێشەیەکمان نییە و تەواوی بنکەکان کە پێکدێن لە ٢٠٤ بنکە و ٩٨٥ وێستگە ئامادەن و هیچ کێشەیەکیان نییە.”

نەبەرد عومەر، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی کوردستانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “سەرجەم بنکەکان لە هەرێمی کوردستان ئامادەن و گرفتەکان چارەسەر کراون و ٢٠٤ بنکەمان هەیە و هەموویان ئامادەن، داواش لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین پاکوخاوێنیی شوێنەکان رابگرن، هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت.”

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەشڵێت: “پێشتر ئەگەر پەنجەمۆر (فینگەر پرێنت) کێشەی هەبووبێت و هەندێک دەنگدەر پەنجەمۆریان نەیخوێندبێتەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە، ئامێری (فەیس ئایدی) واتە خوێندنەوەی دەموچاو بۆ دەنگدەر دانراوە، هیچ کێشەیەک رووبەڕووی دەنگدەر نابێتەوە.”
بریارە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە کۆی 46 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی عێراق، نزیکەی 30 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە, بەڵام لەم ژمارەیەدا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس کارتی دەنگدانیان نوێ نەکردووەتەوە، بۆیە ناتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن.