خەبات ـ هاوار مورتكەیی
یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا FIFA، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، لیستی پاڵێوراوانی بۆ خەڵاتی باشترینەكان THE BESTکە دەدرێت بە باشترینەکانی ساڵ بڵاوکردەوە، خەڵاتەکان جۆراوجۆرن و هەموو لایەنەکانی تۆپی پێ دەگرێتەوە. یەکێک لەو خەڵاتانەی کە فیفا لە ڕێورەسمی ئاهەنگی خەڵاتی زە بێست دابەشی دەکات، بریتییە لە خەڵاتی باشترین هاندەر، بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتەش هاندەرانی زاخۆ پاڵێوراوی سەرەکین و کێبڕکێ لەگەڵ هاندەرانی دوو یانەی دیکە دەکەن.
بەپێی سەرچاوەکان، یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، هەڵوێستێکی هاندەرانی یانەی زاخۆی بەرزی نرخاندووە و وایكردووە پاڵێوراوبن، ئەو دیمەنە بوو كە هاندەرانی یانی زاخۆ لە 30ی ئایاری ڕابردوو، لە یارییەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر یانەی حدود، كە تیایدا هاندەران بەهەزاران یاری و بوكەلەیان فڕیدایە ناو یاریگا بەمەبەستی بەخشینیان بۆ منداڵانی نەخۆش و بۆ پاڵپشتیکردن و هاوکارییکردن لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە، ئەمە سەرنجی دونیای بەلای خۆیدا ڕاكێشا و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە حەماوەری زاخۆ پاڵوراوبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەر.
لەم سۆنگەیەوەش، یەکێتی تۆپی پێی عێراق، داوای لە هەموو هاندەرانی وەرزش و لایەنگرانی كرد، دەنگ بە هاندەرانی یانەی زاخۆ بدەن بۆ ئەوەی بە باشترینەکانی جیهان دەستنیشان بکرێن و خەڵاتی باشترین هاندەر بەدەست بهێنن. بۆ خەڵاتەکانی فیفا، زە بێست دەنگی هاندەر ٢٥٪ـی بۆ دانراوە، ٢٥٪ بۆ ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەکان، ٢٥٪ بۆ کاپتنی هەڵبژاردەکان و ٢٥٪ بۆ ڕۆژنامەنووسەکان، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە فیفا ناویان تۆمار کراوە.
لە خەڵاتەکانی فیفا خەڵاتێک هەیە کە هاندەر پشکی سەد لە سەدی تەواوی بەردەکەوێت و نە ڕاهێنەر، نە کاپتن و نە ڕۆژنامەنووس دەنگ نادات، ئەو خەڵاتەش، خەڵاتی باشترین هاندەر، ئەو خەڵاتەی کە هاندەرانی زاخۆ بۆی بەربژێركراون.
ئێستا ئێمە لە بەردەم هەلێکی مێژوویداین و هاندەرانی زاخۆ تەنها بە دەنگی هاندەران دەتوانن بە فەرمی ببنە باشترین هاندەری تۆپی پێ کە لە لایەن فیفاوە خەڵاتیان پێدەدرێت.