بڕیارە سبەی یەکشەممە، بە بەشداری زیاتر له‌ یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار دەنگدەر، هەڵبژاردنی تایبەت لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجام دەدرێت، پرۆسەکە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێدەکات و کاتژمێر ٦ی ئێوارە تەواو دەبێت.

زیاتر لە مانگێکە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بڕیارە رۆژی ١١ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی گشتی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان رابگەیەنرێت و رۆژی یەکشەممەش هەڵبژاردنی تایبەت بۆ هێزە تایبەتەکان بەرێوە دەچێت.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەر دەبێت.

هەر بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراقدا 809 بنکەیە کە لە چوار هەزار و 501 وێستگە پێكدێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا ئاوارەکانیش دەنگ دەدەن کە ژمارەیان زیاترە لە ٢٦ هەزار و ٥٣٠ ئاوارە و لە ٢٧ بنکەی دەنگداندا دەنگ دەدەن.