شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا (پەرلەمانی كوردستان 2024) هێزه كوردی و عێراقییەكان، بە یاسای مەبەستدار و لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، شەڕێكی سەختی یاسایی و دەروونییان بەرانبەر پارتی و پارتییەكان بەرپا كرد، كەچی پارتی سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاری و دژایەتییانە، لە هەڵبژاردنەكەدا براوەی یەكەم بوو، بۆچی؟
خەڵكی كوردستان ئێستا هۆشیاریی سیاسییان گەییشتووەتە ئەو ئاستەی پێگەی هێزەكان لە یەكدی جیا دەكەنەوە، دروشم و ڕاستی تێكەڵ ناكەن. هێزە دژ و بەرانبەرەكانی پارتیش لە هەڵبژاردندا ئەوەندەی خەریكی ڕووخاندنی دینگەكانی وڵات و جنێو و تۆمەت و شەڕەدەنووكن، كار لەسەر پڕۆژە و كارنامەیان ناكەن، خۆ ئەگەر كارنامەیەكیشیان هەبێت! دێن لە بانگەشەی هەڵبژارندا وڵات و ئەزموونەكەمان ناشیرین دەكەن و شانازی بە پێكنەهێنانی حكوومەتەوە دەكەن.
لایەنێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە سەركردایەتی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی، هیچ كات لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆیان بۆ ئاستێكی نزم دانابەزێنن، وەك ئەوەی خەڵكی دژە پارتی خۆیان پەنا بۆ گوتاری نالۆژیكی دەبەن و شكستەكانی خۆیان دەدەنە پاڵ پارتییەوە! بەڵكوو بانگەشەی پارتییەكان ڕەوشتبەرزانەیە، ئەگەر نیگهرانییهكیشیان ههبێت، ههرگیز ناچن تۆڵە لە پارتی بكەنەوە و دەنگ بە حزبێكی دیكه بدەن وەك ئەوەی لە سلێمانی بەردەوام ئەوە ڕوو دەدات!
پارتییەكان بەبێ دوودڵی دەنگ بە پارتی دەدەن و بایكۆتی هەڵبژاردن ناكەن، چونكە لەڕووی سایكۆلۆژییەوە دەنگدەری پارتی ئامادهگی ئهوهی تێدا نییه دەنگ بە یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێیهك بدات! له ههموو ههڵبژاردنهكانیشدا دهركهوتووه دهنگدهرانی پارتی ڕێژهی بهشدارییان له ههڵبژاردندا بهرز كردووهتهوه، بێگومان ئەمجارە بەرزتریشی دەكەنەوە، چونكە نەیارانی پارتی وێنایەكی ئەوتۆیان بۆ پارتی كێشاوە گوایە شكستی پێدەهێنن، بەڵام ئەو لێشاوە لە دەنگە زەردەی پارتییەكان بە ئاسانی شكست ناخوات و گڕوتینی زیاتریش بووە و بە دەنگی زیادە وەڵامیان دەدەنەوە، سرووشتی پارتییەكان وایە، هەتا دژایەتییان بكرێت، بەهێزتر دەبن، ئەمجارەش بە زیادكردنی دەنگەكان، پارتی بەهێزتر دەچێتەوە بەغدا.
پارتی كاتێك دەڵێت دەنگمان زیاد دەكات، لە خۆیەوە نییە، ئەمە دوو هەڵبژاردنە بە پلان و بەرنامەی نوێوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەگەر جاران خۆڕسكانە پارتییەكان دەنگیان دەدا، ئەمجارە بە بەرنامە دەیەوێت هەموو پارتییەكان دەنگ بدەن و دەنگی نوێ و زیادەش بەدەست بهێنێت، بەدەستیش دەهێنێت، لەبەر ئەوەی كاری بۆی كردووە.
پارتی چ وەك حزب و چ وەك پێكهێنەری سەرەكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ كات لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە، ئەوەی بۆی كرابێت كردوویەتی، ئەوەیشی بۆی نەكرابێت، بەڕاشكاوانە گوتوویەتی هەوڵی بۆ دەدەین و كردوویەتیشی، هەر لەبەر ئەوەیشە پارتی بەردەوام گرفتی لەگەڵ بەغدا هەیە، چونكە هێزەكانی عێراق بە بەرنامە دەیانەوێت كورد و پێگەی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن و ڕێگری لە گەشەكردنی كوردستان دەكەن، ئەوەی بەری بەو پڕۆژەیە فاشیستییە گرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بە هەڵوێستی جۆراوجۆر، كاری بۆ ڕاگرتنی ئەو شەپۆلی دژایەتییەی كورد و پێشێلكردنی دەستووری عێراق كردووە، پارتییەكان لە كوردستان و لە بەغداش بەگژ ئەو هێزانەدا دەچنە كە كار بۆ لاوازكردنی پێگەی كوردستان دەكەن، لەوەدا مێژووی پارتی درەوشاوەیە.
هێزە بەرهەڵستكارەكانی دژ بە پارتی، هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوو و بە تایبەتی ئەوەی ئێستاش كە بڕیارە لە (11/11/2025) بكرێت، وێنایەكی ئهوتۆ بۆ پارتی دەكێشن و بەمەبەست تیشك دەخەنە سەر ئەوەی گوایە پارتی براوە نابێت، ئەو بانگەشەیەی بەرهەڵستكارانی پارتی، نەك هەر ڕاست نییە و هیچی لێ بەرهەم نایەت، بەڵكوو دووچاری هەڵە تێگەیشتنیش بوونەتەوە، بەوەی هێشتا نەیانتوانیوە لەڕووی سایكۆلۆژییەوە دەنگدەر و ئەندامانی پارتی هەڵسەنگێنن. لەوە تێنەگەیشتوون دەنگدەری پارتی، دەنگدەرێكی ڕاڕا نییە و تەواو جێگیرە، بەپێچەوانەوە ئەوە ئەندامان و دەنگدەرانی نەیاری پارتین هەر ڕۆژەی سەر بە حزبێك و باڵێك و گرووپێكن و هەر هەڵبژاردنەی لیست و ڕەوتی جیاوازیان لێ دەبێتەوە، بەڵام دهبینین و ههڵبژاردنهكهش نزیكه، دەنگدەری پارتی لە دژی پارتی دەنگ بە لایەنێكی تر نادات، بگره سهرهڕای بهربهست و دهستوهردانهكانی بهغدا، پارتی سوپرایزی ههڵبژاردنی دهبێت.