د. عومەر عەلی شێخ بزێنی: پێویستە هەموو تاکێکی کورد لیستی 275 هەڵبژێرێت تاوەکو ئەم لیستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا نوێنەرایەتی دەنگی ئەوان بكات

ئەردەوان سابیر: پارتی شایستەی ئەوەیە دەنگی پێ بدەم، چونکە بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێک بەرپرسیاریەتی خۆی پیشانداوە و بەرنامەکانی گشتگیر و فراوانن

پ. د. بێخاڵ سەمەد: بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی دیار و بەرچاو لە دەنگەکان، بە هەموو پێوەرەکان بۆ لیستی 275ـی پارتی چاوەڕوان کراوە

پ. ی. د. سەرسام خەلیل شوانی: لە پێناو هەرێمێکی بەهێز و ئابوورییەکی بەهێز و سیاسەتێکی حەکیمانەدا، دەنگ بەلیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم

د. عەلی گەڵاڵی: سەرسامبوونی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە هەرێمی کوردستان، وا لە هەموو کەسێکی تێگەیشتووی ئەم وڵاتە دەکات لیستی 275 هەڵبژێرێت

خەبات: دانا بۆتانی:- بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ مامۆستایانی زانکۆ بە گەرموگوڕیەوە چاوەڕێی رۆژی هەڵبژاردنن، تاوەکو دەنگ بە لیستی 275 بدەن و هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و هەرێمێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران و پێشكەوتوو لە ناوچەکەدا.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی وەک مامۆستایەکی زانکۆ بۆچی لیستی 275 هەڵدەبژێریت؟ د. عومەر علی رەشید شێخ بزێنی، مامۆستای کۆلیژی زانستە سیاسییەکان بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: وەک مامۆستایەکی زانکۆ دەنگ بەلیستی 275 دەدەم لەبەر ئەو هەموو قوربانییەی لە پێناوی رێگای رزگاری کوردستان داویەتی، یاخود لە پێناو ئەو هەموو خزمەتگوزارییەی لە ئێستادا پێشکەشی کوردستانی دەکات. دەبێت هەموو تاکێکی کورد شانازی بە کارەبای بیست و چوارسەعاتی و رێگاوبانی کوردستان بکات. هەمیشە بەهێزبوونی پارتی واتا بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵ، چونکە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە داکۆکیکاری هەموو مافەکانی گەلی کوردن، لە لایەکی دیکەوە زامنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی، بۆیە پێویستە هەموو تاکێکی کورد لیستی 275 هەڵبژێرێت تاوەکو ئەم لیستە نوێنەرایەتی دەنگیان بکات لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ.

ئەردەوان سابیر هونەرمەند و مامۆستای زانكۆ، لەبارەی بەرنامەی کاری لیستی 275 ی پارتی دیموركراتی كوردستان و دەنگدان بەم لیستە دەڵێت گوتی: من وەک هونەرمەندێک و مامۆستای زانکۆ دەنگدانم بە لیستی 275 دەنگدانە بە بەرنامە و کارو گەشەسەندنەکانی بەردەوامی حکوومەتی هەرێم و پێداگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی وڵاتەکەم بە هەموو دەنگ و ڕەنگەکانییەوە، بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم پارتی شایستەی ئەوەیە دەنگی پێ بدەم، چونکە بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێک بەرپرسیاریەتی خۆی پیشانداوە و پلان و بەرنامەکان گشتگیر و فراوانن، بە جۆرێک زۆرترین سێکتەر و ناوچەو شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە، لەو بڕوایەدام هەستکردن بە بەپرسیاریەتی لەلایەن پارتی چۆته قۆناغی دەوڵەتداری و بەجۆرێکە هەمووکات کارنامەی پارتی نیشتیمانیتر بینراوە، بۆیە دەڵێم و دڵنیاشم بۆ پەرلەمانی بەغدا پارتی هەقی ئەوەی هەیە بیکەینە نوێنەرمان بۆ داواکردنی مافە زەوتکراوەکان و مافە نیشتیمانییەکانمان، قۆناغی ئێستا پێویستی بەکردار و خزمەتکردنە نەک مەرەكەبی سەر کاغەز.

لەبارەی بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی لە هەموو هەلبژاردنەکان و دەنگدان بە لیستی ژمارە 275، پ. د. بێخاڵ سەمەد سەرۆکی بەشی ئامار و زانیارییەکان گوتی: دیارە پارتی لەسەرەتای دروستبوونی دروشمی دیموکراسی بۆ خەڵکی کوردستانی بە هەموو نەتەوەو پێکهاتەو ئاین و ئاینزاکان بە سەرچاوەی ئاسۆی کارەکانی هەڵبژاردووە و قوربانی زۆری لەم پێناوە داوەو بەهێزترین پرەنسیپی پەیڕەوی ناوخۆی بووە. وەک و ئاشکراشە هەڵبژاردن لە هەر شوێنک بوونی هەبێت دڵی دیموکراسیەتیش لەم شوێنەدا لێ دەدات. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئامارەکان پێمان دەڵێن کێرڤی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەم، لە ئاستێکی بەرزدایەو بەردەوامیش لە هەلکشاندایە بۆ نموونە: ئەگەر بە وردی سەرنجی ئامارەکانی هەموو وەزارەتەکان بدەی بەتایبەتی خوێندنی باڵاو پەروەردەو تەندروستی و ناوخۆ و کارەباو رێگاوبان، شایەدحاڵی ئەم راستییەن و زمانحاڵی کاری کەموێنەو پر بایەخ و پێشكەوتوون.

گوتیشی: پارتیمان دوای نزیکەی سەدەیەک لە شۆڕش و قوربانیدان بەسەربەرزی ئەسپەکەی خۆی تاوداوە لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستان، هەمیشە لە پێشەوەی رکابەرەکانی بووە و پاڵپشت بە سەرۆکێکی مەزن و سەرکردایەتییەکی تێکۆشەر و جەماوەرێکی دڵسۆز لە هەر شوێنێک کاری کردبێت ئاوەدانی و دادپەروەری ڕووی لەم شوێنە کردووە، بۆیە دەڵێین ئەم کارانە بوونەتە هۆی گرەنتی سەرکەوتنمان لە ئێستاو ئایندەدا، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی دیارو بەرچاو لە دەنگەکان بە هەموو پێوەرەکان بۆ لیستی 275 چاوەڕوان کراوە.

پ. ی. د. سەرسام خەلیل شوانی لەبارەی یەك ملیۆن دەنگەوە قسە بۆ خەبات دەكات و دەڵێت: من وەک شارەزایەک لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی و زانستە سیاسیەکان هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی بوونی سەرکردەیەکی خاکی و پێشمەرگە ئاسا لە هەموو ناوچەکە و عێراقی فیداراڵیشدا دەبینین، سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵێکی گرینگیان بینیووە لە نووسینی دەستووری عێراقدا، بۆیە دەبینین لە ئێستادا زامنی هەموو مافەکانی کورد لەم دەستوورە جێگای بۆتەوە، ئەمەشە وا دەکات هەندێک لە عەرەبە شۆڤینییەکان دەستوور پێشێل بکەن، کە بوونیادی ئەم عێراقە پێکهاتووە لەسەر سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی لە عێراقی فیدراڵدا، کە هەرسێ بەشی سوننەو شیعەو کورد مافەکانیان پارێزراوە. هەرکاتێک دەستوور پێشێل بکرێت ئەوە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن دەنگ هەڵدەبڕن و ناهێڵن قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، ئەمەشە وادەکات هەموو نەیارانی کورد، پارتی و کورد بە دووانەیەکی دانەبڕاو ببینن، بۆیە وەک دەنگدەرێک و مامۆستایەکی زانکۆ لە پێناو هەرێمێکی بەهێز و ئابوورییەکی بەهێز و سیاسەتێکی حەکیمانە دەنگ بەلیستی 275 دەدەم بۆ نوێنەرایەتیم لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ هەر ئەم دیبلۆماسیەتەی پارتییە، کە لە هەڵبژاردنەکان هەمیشە براوە بێت و ببێتە حزبی یەکەم لە عێراقی فیدراڵدا، کە ببێتە خاوەنی یەک ملیۆن دەنگدەر.

د. عەلی گەڵاڵی پسپۆر لە خۆراكی كشتوكاڵیی و مامۆستای زانكۆ، گوتی: من وەک پسپۆرێکی خۆراکی کشتوکاڵی هەمیشە دەنگ بەو لایەنە دەدەم کە لە خەمی ئابووری و بووژانەوەی وڵاتدا بێت، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی سەلماند کە ئێمە نابێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستین، بەڵکو کشتوکاڵ و گشتوگوزار سەرمایەیەکی لەبننەهاتووی ئەم نیشتیمانەن، هەر ئەمەش بوو وایکرد بۆ یەکەمجار سەرۆکی حکوومەت بازاڕی بۆ برا جووتیارەکان دۆزیەوە لە دەرەوەی وڵات، ئەویش ناردنی هەنار بوو بۆ دەرەوەی وڵات، پاشان ئەم هەرێمەی خستە سەر خۆبژێوی و پاشان کردی بە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو عێراق، لە ئێستادا هەموو تاکێکی کورد و عێراقی ئەوە دەبینێت، کە چۆن ئەم هەرێمە رۆژ بەرۆژ دەبووژێتەوە لە رووی کشتوکاڵ و ئاوەدانی و دروستکردنی رێگاوبان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قوڵی دارایی تێدەپەڕێت، کەچی توانی کارەبای بیست و چوار سەعاتی و تەنانەت بەهۆی ئەو هەموو بەنداوانەوە هەرێمی کوردستان رزگار بکات لە وشکەساڵی و بێئاوی و کردنەوەی ئەو هەموو پرۆژانە و سەرسامبوونی باشوور و ناوەراستی عێراق بەدیار هەرێمی کوردستانەوە، وا لە هەموو کەسێکی تێگەیشتوو پێگەیشتووی ئەم وڵاتە دەکات لیستی 275 هەڵبژێرێت، چونکە نوێنەرانی ئەم لیستە بەرنامەو کاری حزبێکی خاوەن ئەزموون و شارەزا بەڕێوەی دەبەن.