سهرهتا وتار سەروەریی دەوڵەت لە نێوان هەبوون و نەبوون و ناتەواویدا
فازڵ میرانی
تەنانەت ساڵانێك بەرلە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەم لەگەڵ کەناڵی (کوردستان24) لە 19ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، بایەخێکی فیکری، ڕۆشنبیری و پەروەردەییم بەم بابەتە داوە، لە ڕێگەی سەرچاوەی جۆراوجۆر و قسەكردن لەگەڵ خودی خۆم و کەسانی دیكەشدا، گفتوگۆی دوور و درێژم دەربارەی سەروەریی دەوڵەت كردووە، هەم بۆ پێویستیی تایبەتی خۆم وەک هاووڵاتییەک، کە کار بۆ جێبەجێكردنی ئەرکەکانم و وەرگرتنی مافەکانم دەکەم، هەم بۆ زیاتركردنی توانا و لێهاتوویی لە کاری حزبی و سیاسیمدا، هەروەها لەبەر چەند هۆکارێکی دیكەش، کە یەکێکیان ئەوەیە، من پیاوێکی یاساییم.
لەم چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەی ئاماژەم پێداوە، لە سەرەتادا لەبارەی بارودۆخ و هەڵسەنگاندنی سەروەریی عێراقەوە قسەم كرد، بۆ ئەوەی ئەو بۆچوونانەی باسم کردن دووبارە نەکەمەوە و بەڵگەی واقیعیش هەن، كە پشتڕاستیان دەكەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی خوێنەرانیش سوودی لێ ببینن، لێرەدا بە کورتی باسێکی لێوە دەکەم، کە ڕێنیشاندەر دەبێت بۆ ئەو كەسەی بیەوێت، بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکات و لەبارەی سەروەریی، “سەروەریی دەوڵەت”، بکۆڵێتەوە.
وشەی (سەروەریی) “سيادة” لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەیەکە (ال – التعریف)ی پێوە نییە، لەسەر کێشی (فعالة)ـەیەو لە دروستكردنی ڕستەشدا دەچێتە چوارچێوەی كاری (ساد- یسود- سد)، کە ئاماژەیە بۆ جێگیربوونی سیفەتێک و ئەم وشەیە دژی وشەی پاشکۆیەتییە (التبعية). هەروەهاش وەكو زاراوە، “سەروەریی” بە واتای (دەسەڵاتی تەواو) دێت.
زمان زیرەکترین گوزارشتکارە لە تێگەیشتن و تێگەیاندندا، چونكە بە نووسین یان بە قسەکردن، بە ئاماژە یان بە هێماكردن بێت، پێوەری شتەکان دیاری دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە، سەروەریی هەر دەوڵەتێک، ئینجا شێواز و ناوەڕۆکی سیستەمە فەرمانڕەواییەكەی هەرچییەک بێت، لە نێوان سەروەریی تەواو و نەبوونی سەروەریی دایە، لە نێوانیشیاندا “سەروەریی ناتەواو” (السيادة المنقوصة) هەیە.
کاتێک دەوڵەتێک دەوڵەتێکی تر داگیر دەکات، ئەوەی دووەمیان (دەوڵەتە داگیركراوەكە) سەروەریی نامێنێت. ڕەنگە داگیرکارەكە هەندێك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی کاروباری ناوخۆی پێ ببەخشێت، ئەوەیش وادەكات دەوڵەتە داگیركراوەكە ببێتە خاوەنی سەروەرییەکی ناتەواو، لەكاتێكیشدا كە باسی داگیرکاریی دەكەین، یەكسەر داگیرکاریی سەربازیی تەواومان دێتە بەرچاو، بەڵام داگیركاریی شێوازی دیكەشی هەن بۆ نموونە: تێکدانی هاوسەنگیی.
یاسای ناوخۆییی دەوڵەت یەکێکە لە بنەماكانی سەروەریی، ئینجا یاساکە هەرچۆنێک بێت، بە مەرجێک لە لایەنێکی فەرمیی پەیوەندیدارەوە دەرکرابێت و لە ڕێگەی دەزگایەکی ڕاسپێردراوەوە، بە بازوویەكی رێگەپێدراو جێبەجێ بکرێت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر یەکێک لە مەرجەکانی ئەم بنەمایە نەمێنێت، ئەوا ناتوانرێت باسی سەروەریی تەواو بکرێت.
ڕەتکردنەوەی دەستتێوەردانی دەرەکی و مامەڵەی هاوشێوە (المعاملة بالمثل)، بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و گرنگە، کە نەک تەنیا بوون یان نەبوونی سەروەریی یان ناتەواوبوونی دەسەلمێنێت، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر هێز و کوالیتیی سیستەمی فەرمانڕەوا و توانای دەسەڵاتەكە لە جیاکردنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لاوازی و پاشکۆیەتی دەوڵەتەكە، یان بەکارهێنانی هێزی زیادەڕۆیانەیە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پێچەوانەی ڕێزگرتنە لە سەروەریی وڵاتانی دیكە، لە ئەنجامیشدا تاوانی دەستتێوەردانە، بەبێ هیچ پەردە و پاساوێكی یاسایی.
چەندین فاكتەری ناوخۆیی و دەرەکی، بە تاك یان بە کۆمەڵ هەن، هەڵسەنگاندن بۆ سەروەریی دەكەن و بەردەوامیی پێ دەدەن، یان لە سەروەرییەكە دەدەن و کەمی دەکەنەوە، یاخود بۆ ماوەیەکی نادیار نایهێڵن، دەوڵەتی قووڵ کە خۆی لەسەر حسابی “دەوڵەت” دروست دەکات، یەکێکە لە هۆکارەکانی گۆڕینی پاشکۆیەتیی گشتی، لە دەوڵەتەوە بۆ “دەوڵەتێكی قووڵ” و ڕەنگە بۆ قوڵتریش. هەروەها پاشکۆیەتی یان ژێردەستەیی سیاسیی نیشتیمانیی ئەوەیە، کاتێک هێزەکان دەبنە نوێنەری لایەنێكی دەرەکی.
سەبارەت بە ئامرازەکان، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەروەریی دەوڵەت هەیە، زۆرن: ئابووری، ئایدۆلۆژیای نێونەتەوەیی، کە سنووری هەرێمایەتیی دەوڵەت تێدەپەڕێنێت، پاشکۆیەتیی ئابووری، ئەمنی، سەربازی و پەروەردەیی، هەروەها قۆرخکردنی بازاڕ بۆ لایەنێکی دیاریکراو بەبێ ڕەچاوکردنی پێویستی و کێبڕکێی نرخ و کوالیتی، یەكێك یان زیاتر لە ئامرازێكن، كە کاریگەرییەكی چڕ و بەهێزیان لەسەر سەروەریی دەبێت.
ئەمە چەند قسەیەکی کورت و پوخت بوون، هەرکەسێکیش بیەوێت نموونەیەکی دیكە بهێنێتەوە و شیكردنەوە بۆ زانینی هەبوون یان نەبوون و یاخود كەمیی سەروەریی دەوڵەت بكات، دەتوانێت نموونەکەی خۆی بەپێی ئەم قسانەی باسمكردوون، تاقی بکاتەوە.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن