خەبات: ئارام شێرکۆ-کەرکووک:
ئەندازیار ئەمیرە عبدالکریم زەنگەنە کاندیدی ژمارە 12 له بازنەی کەرکووک لە سەر لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان، چەندین ساڵە وەک ئەندام پەرلەمانێکی پێشوو لە نێو خەلک و پێکهاتەکانی شاری کەرکووک خزمەت دەکات، بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگیی زۆری داوە بە ڕۆلی ئافرەتان و پێشخستنی تواناکانیان بەژداری پێکردن لە سەرجەم جومگەکانی حوکمڕانی. چونکە ڕۆلی ئافرەتان زۆر گرنگە لە بەرەوپێشچوونی وڵات و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی و حوکمڕانی.
هەر بۆیەش بانگەشەکەمان بە (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) دەست پێکرد چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو کاتێک پێی خۆشە بە هاوبەشی هەموو لایەن و پێکهاتەکان بەژدارییان پێبکرێت لە حوکمڕانی و، هاوسەنگیی تەواو ڕابگرێت لە نیوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان و ئاین و مەزهەب و ڕەگەزەکانی کۆمەڵگا، سازانیش بکات بۆ ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی کە ئەمیشی بەکردار سەلماندەوە، ئەمیرە عەبدولکەریم وای گوت.
گوتیشی: ئەگەر بێت و متمانە بەدەست بهێنم هەموو تواناکانی خۆم تەرخان دەکەم بۆ خزمەتی هاووڵاتییان هەر وەک چۆن پێشووتر توانیمان بەوپەڕی توانا خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و ئەو بەڵێنانەی کە دابوومان بە کردار بۆیانمان سەلماند، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم جارە زۆر زیاتر دەکەین، هەموو هەوڵی خۆمان ئەدەین کە بتوانین دەستێکی باشمان هەبێت لە چارەسەکردنی کێشەی مووچە، چاوپۆشی نەکردن لە دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای نەتەوەکەمان.
ئەندازیار ئەمیرە گوتیشی: بەلێن ئەدەین لە بواری خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی کارە خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدرێت لە شارەکەمان و، نەهێڵین گەڕەکە کوردنشینەکان بێبەش بکرێن لە پڕۆژە و کارە خزمەتگوزارییەکان و، کار بکەین بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر بکەین لە ڕێگای کەرتی تایبەت بێت یاخود کەرتی گشتی و دامەزراوە فەرمییەکان.
کاندیدی ژمارە 12 لە بازنەی کەرکووک لە لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی بۆ ئەوەی بتوانین ئەزموونی خزمەتگوزارییەکان هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ شارەکەمان، پێویستمان بە دەنگی هاووڵاتییانی خۆمانە تاکو بتوانین متمانەی ئەوان بەدەست بهێنێن و ببین بە پارێزەی مافەکانیان و خزمەتیان بکەین.
ئەمیرە عبدولکەریم گوتیشی هەموو دەزانین کە بەشێکی زۆر لە جووتیارانی ئێمە تاکو ئێستا بەدەستی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیانەوە ساڵانە ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر دەبنەوە لە بەر ئەوەی تاکو ئێستا نەتوانراوە بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس هەڵبوەشێتەوە و جووتیاران بگەنەوە بە مافەکانی خۆیان و زەوییەکانیان وەربگرنەوە، چونکە ئەو بڕیارانە کاریگەریی تەواویان کردۆتە سەر جوتیارەکانمان کە نەتوانن ساڵانە وەک پێویست سەرقاڵی کاری جووتیاریی خۆیان ببن و زەوییەکانیان وەک پێویست بەکار بهێنن بۆ بەرهەمە گشتوکاڵییەکان، بۆیە بەڵینتان پێ ئەدەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاری سەرەکیمان ئەوە دەبێت بتوانین بە تەواوی کێشەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بە یاسا چارەسەر بکەین و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانتان بکەم.
ئەندازیار ئەمیرە عەبدولکەریم کاندیدی ژمارە 12 لە بازنەی کەرکووک داوای لە دەنگدەرانی کەرکووک کرد بۆ ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر دەنگ بە لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن چونکە سەرکەوتنی لیستی سەرۆک بارزانی واتە خزمەتگوزاری و ئاشتی و پێکەوەژیان.