سهرهتا كوردستانی دکتۆرە مێریڤان مستەفا شوانی كاندیدی ژمارە (23)ـی بازنەی كەركووك لە لیستی (275)ـی...
خەبات: هاوار مورتكەیی:- دکتۆرە مێریڤان مستەفا شوانی، کاندیدی ژمارە ٢٣ لەسەر لیستی ژمارە ٢٧٥ ی پارتی لە بازنەی کەرکوک لەدایکبووی شاری کەرکوک، ئەکادیمی و مامۆستایە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی کەرکوک، هەڵگری دوو بڕوانامەی باڵایە، بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی و دکتۆرا لەیاسا، لەدیمانەیەكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات تیشك دەخاتە سەر خۆكاندیدكردنی لەو هەڵبژاردنەدا، سەرەتا د. مێریڤان شوانی گوتی: کاندیدبوونم شەرەفێکە كە پارتی پێی بەخشیوم، بێگومان خۆ کاندیدکردنمان لەسەر لیستی ٢٧٥، پەیوەندی بەوەوە هەیە لیستی پارتی بەهێزو خاوەن جەماوەرە، تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیش پارتی حزبی یەکەم و خاوەن زۆرترین جەماوەرە، کە بەڕوونی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رابردوودا ئەم راستییە دەرکەوتووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە خەڵکی کوردستان چ لە هەرێمی کوردستان بێت یاخود لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، زۆرترین چاوەڕوانیان لە پارتی هەیە.
دواتر ئەو كاندیدە باسی لە كارنامەكەی خۆی كرد و گوتی: بێگومان بەشێوەیەکی گشتی کارنامەی ئێمە جێبەجێکردنی سیاسەت و کارنامەی گشتی فراکسیۆنی پارتی دەبێت بۆ چوارساڵی ئایندە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام لەسەر ئاستی کاندید و تاک هەر کاندیدەو کارنامەو دونیابینی جیاوازمان هەیە، ئەوەش پەیوەستە بە جیاوازی جوگرافیای دەنگدەرەکانمان، بۆمن ئەوەی زۆر بەلامەوە گرنگەو کاری لەسەر دەکەم، لە هەموویان گرنگتر کوردستانییەتی کەرکوک و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب و ئاساییکردنەوەی دۆخی سەپێنراوی ئەم ناوچانەیە کە لە ئەنجامی ڕووداوە نەخوازراوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرو پێشتریش لەسەردەمی تەعریبی حزبی بەعسدا سەپێنراوە، کە ئەمەش بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستور دەبێت.
پاشان بەو پێیەی دکتۆرام لەیاسادا هەیەو شارەزام لەدەستور و یاساکانی عێراق بابەت گەلێک هەن لەچوار ساڵی ئایندەی کاری پەرلەمانیمدا کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەم لەوانەش یاسای ماف و ئیمتیازاتی خزمەت و خانەنشینی سەربازی عێراق، ژمارە (٣)ی ساڵی(٢٠١٠) چونکە ئەم یاسایە لەساڵی ٢٠١٠ەوە لە عێراق جێبەجێ دەکرێت و تیایدا زۆرترین ماف و ئیمتیاز بۆ ئەندامانی سوپای عێراق دەستەبەر کراوە، بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی کوردستانیش بەپێی دەستوری عێراق دانپێدانراون و بەشێکن لەسیستمی پاراستنی ئاسایشی عێراق، دەبێت ئەم یاساییە بیانگرێتەوەو هەموو مافێکیان زامن بکرێت، هەروەها کاردەکەم بۆ نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی ترو خزمەتکردنی زیاتر بەخەڵکی گوندو ناوچە دوورە دەستەکان، چونکە هەمیشە ئەوان پێشەنگ بوونە لە قوربانیدان و خزمەتکردن بەشۆڕش و نەتەوەکەمان.
ئینجا سەبارەت بە دروشمەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنە (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان)، گوتی: ئەمە بڕوابوونی پارتیمانە بۆ عێراقێکی سەقامگیر، چونکە هەر ئەم دروشمانەی پارتی لەدوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ عێراقی نوێی لەسەر بنیاتنرا، بەڵام بەداخەوە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد بە زۆر قۆناغی نەخوازراوو هەورازو نشێودا تێپەڕی، هەرچەندە خۆشبەختانە بە پێداگری سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا درووست بووە، کە ئەنجامەکەی رێککەوتنی نەوت و سامانە سروشتییەکان و چارەسەرکردنی مووچەو بودجەی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام دووبارە وەکو پارتیمان تاکڕەوی لە حوکمی عێراق ڕەتدەکەینەوە.