نیگار ئەحمەد كەركووكی كاندیدی ژمارە (15)ـی بازنەی كەركووك، لە لیستی (٢٧٥)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی خۆی بە خاوەنی كەركووكییەكان دەزانێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا كەركووكییەكان متمانە بە لیستی 275ی پارتی دەدەن

150

خەبات: تریفە ئازاد: نیگار ئەحمەد كەركووكی كاندیدی ژمارە 15 لە لیستی 275ی پارتی لە بازنەی كەركووك لە بارەی كار و بەرنامەی پارتی لە سنووری كەركووك لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دەمانەوێت ئەزموونی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بگوازینەوە بۆ گشت عێراق بەم مانایەی پارتی لە هەر كوێیەك بەهێز بێت ئەو شوێنە ئاوەدانی و خزمەتگوزاری تێدایە، پارتی قەڵغانە بۆ پاراستنی مافەكانی كورد لە كەركووك و سەرانسەری كوردستان پارتی ئەو لیستەیە كە بەردەوام خزمەتی هەموو شارەكانی كوردستانی كردووە و تایبەتە بۆ كەركووكییەكان چونكە كەركووك لای پارتی هەمیشە واتە خۆڕاگری و بەرخودان و بەرگری، لیستی 275ی پارتی لە كەركووك دەنگی زەوییە داگیركراوەكانی كەركووك و دەوربەریەتی.

ئەو كاندیدەی پارتی لە كەركووك دەشلێت: ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە خۆمان بە داكۆكی كاری مافی ڕەوای گەلی كورد دەزانین بەردەوام داكۆكیمان كردووە لە مافە ڕەواكانی كورد لە هەرشوێنێكی ئەم كوردستانە بێت بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونەی هەیە لە كوردستان بگوزاینەوە بۆ هەموو عێراق، بۆیە دەمانەوێت بە هەموو دەنگدەەران لە عێراق ڕابگەینن لە زاخۆ تا بەسرە بڵێین ئەگەر پارتی لە هەر شوێنێك بێت لە هەر شوێنێك دەسەڵاتدار و بەهێز بێت، ئەو شوێنە لە لوتكەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئارامی و خزمەتكردندا دەبێت.

گوتیشی: چەندین مادەی دەستووریی هەیە كە مافی تاكەكان لە عێراقی فیدڕالدا دەپارێزێت، بەڵام كاری پێناكرێت، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كاری باش دەكەین لەسەر جێبەجێكردنی ئەم مادە دەستوورییانە و بە تایبەتی مادەی 140 كە چەندین ساڵە بەهۆی جێبەجێنەكردنی ئەم مادەیە كورد لەم شارە زەویوزاری داگیر دەكرێت، دەمانەوێت یاسا هەمیشە سەروەر بێت لەم شارە.

كاندیدی ژمارە 15 لە كەركووك ڕایگەیاند: پارتی هەمیشە گرینگی بە پێكەوە ژیان داوە و یەكێكە لە ئەولەویەتی كارەكانی پارتی، كە هەمیشە ڕێزی لە ئاین و ئاینزاكان گرتووە، ئەمەش وایكردووە كە پارتی ببێتە جێگای متمانە شاری كەركووك و یەكێكە لەم شارانەی هەر سێ پێكهاتەی كورد و عەرەب و توركمان تیایدا دەژین بە بەرایەتی و تەبایی، بۆیە بۆ زیاتر پاراستنی ئەم تەباییە پارتی بەرگری لەم شارە دەكات و لە ڕووی زمان و كەلتوورەوە پارتی هەمیشە هەوڵیداوە زمانی كوردی لە شاری كەركووك زمانی دایك بێت و كلتوری نەتەوەكانیش بپارێزێت، پارتی هەمیشە بەڵێنەكانی كردۆتە كردار و كردارەكانیش ڕەنگدانەوەی بەڵێنەكانی پارتی بوونە.

لە كۆتاییدا گوتی: پارتی هەمیشە بەرگری لە دەستكەوتەكانی میللەتەكەی كردووە، لە كەركووكیش كە زۆرینەی خەڵكەكەی كوردە بەرگری كردووە، بۆیە پارتی بە پێویستی دەزانێت بەرگری لە دۆزی ڕەوای میللەتەكەی بكات، پارتی هەرگیز ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و سەركەوتنەكەی پردێ لە یاد ناكات، كە چۆن لە 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك خیانەتی لێكرا، بەڵام سەركەوتنی داستانی مەزنی پردێش لە مێژووی سەركەوتنەكانی دیكەی پارتی تۆمار كراوە، بۆیە پارتی خۆی بە خاوەنی كەركوكییەكان دەزانێت و كەركووكیشەكانیش متمانەیان بە پارتیە بۆیە كەركوكییەكان متمانە بە لیستی 275ی پارتی دەدەن.