سەرۆک بارزانی، پاراستنی دەستوور و ڕووبەڕووبوونەوەی تاکڕەوی

114

چیا هەرکی*
سەرۆک بارزانی لە میانی وتارەکەیدا لە کاتی بە فەرمیی ڕاگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن پارتیمانەوە، جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە دەستووری عێراق کردەوە و هۆشداریشی لە مەترسییەکانی گەڕانەوە بۆ ناوەندێتی و تاکڕەویی لە دەسەڵات دا.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دێت کە عێراق تووشی کێشەی سیاسی و دەستووریی هاتووە و بە هۆیەوە بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی هەڕەشەیان لەسەرە.
سەرۆک بارزانی وەک یەکێک لە کاراکتەرە کارا و کاریگەرەکانی ناو پرۆسەی سیاسی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، بە ئەزموونێکی درێژخایەن لە کاروباری سیاسیدا و لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری و بەدیهێنانی مافی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق، داوای جێبەجێکردنی سیستەمی فیدرالیزم و دەستوور دەکات.
لە تێڕوانینی بارزانیدا، دەستووری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی پێ دراوە، پەیمانێکی نیشتمانییە لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا، کە بناغەی سیستەمێکی فیدڕاڵی و دیموکراتی دادەڕێژێت. ئەو دەستوورە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی سنووردار دەکات و دابەشکردنی دەستوورییانەی دەسەڵاتەکانیش لە نێوان بەغدا و هەرێمەکان دیاری دەکات، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی جۆراوجۆر هەبوون بۆ پێشێلکردنی دەستوور و دەستدرێژیکردنە سەر ماف و دەسەڵاتی هەرێمەکان و گەڕانەوە بۆ سیستەمێکی ناوەندگەرا.
جەختکردنەوەی بەردەوامی سەرۆک بارزانی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان، هەر تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە جێبەجێنەکردنی ئەو ماددانە مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، بەڵکوو سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی تەواوی عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.
پێگە و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە یەکێکە لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، لەناو هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا بۆ هەمووان ئاشکرایە و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارگەلی سیاسی لە ئێستا و داهاتووی هەرێم و عێراقدا هەیە و دەبێت.
لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا، بارزانی شارەزاییەکی بەرچاوی هەیە لە دەستنیشانکردنی ڕێگای میانڕەوانە و دروستکردنی کۆدەنگیی لەنێوان لایەنە جیاجیاکاندا. لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە بە لێکدانەوەیەکی وردی سیاسی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە کۆمەڵگای عێراقی، کاری جیددی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ کێشە دەستوورییەکان، کردووە.
لە بەرانبەر هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی دەسەڵات، بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ شێوازی ڕابەرایەتیی تاکڕەو، ئەو فۆڕمە لە دەسەڵاتدارێتیه‌ی کە لە ڕابردوودا وڵاتی وێران کرد و ئازاری گەورەی بە هەموو پێکهاتەکان گەیاند. بۆیەشە ئەو پێی وایە کە سیستەمی فیدراڵی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تەنیا ڕێگایەکە بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو عێراقییەکان و پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی تراژیدیاکانی ڕابردوو.
لەم ڕوانگە بەرپرسیارێتییە مێژووییەوەیە کە سەرۆک بارزانی هانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەدات تا پابەندی دەستوور بن و گفتوگۆ بکەنە ئامرازی چارەسەری ناکۆکییەکان. ئەم دیدگایەش پشتی بە باوەڕبوون بە سیستەمی دیموکراتی و فیدڕاڵی بەستووە وەک زامنی دڵنیایی بۆ ئاسایشی درێژخایەن و گەشەسەندنی عێراق.
* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی