خەبات: هاوار مورتكەیی:- هیشام ئەلتاهر ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا، ڕۆڵی شاری هەولێر لە میوانداریكردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكانی شەتڕەنج بەبەرزی دەنرخێنێت، لە پەراوێزی میوانداریكردنی شاری هەولێر بۆ پاڵەوانێتی دێرینەكانی شەتڕەنجی ئاسیا، كە یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا و یەكێتی شەتڕەنجی عێراق بەهاوئاهەنگی یانەی شەتڕەنجی خانزاد، كە 15 وڵات بەشدارییان تێداكردبوو، هیشام ئەلتاهر ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا لەڕێوڕەسمی كۆتایی پاڵەوانێتی خێرای شەتڕەنجی ئاسیا، گوتی: جێگەی دەستخۆشییە كە شاری هەولێر جارێكی دیكە میوانداری یەكێك لەگرنگترین پاڵەوانێتییەكانی شەتڕەنجی ئاسیای لەئامیز گرت.
هەروەها ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا گوتی: ئەو ئارامیی و هەبوونی تەواوی پێداویستییەكانی میوانداریكردن لە هەرێمی كوردستانی عێراق، دەرخەری سەركەوتنی پاڵەوانێتییەكانن كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت، لێرەوە سوپاسی زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق و د. دڵزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد دەكەم كە لەپشت سەركەوتنەكانی ئەو میواندارییەوەن، بۆ یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیاش جێگەی خۆشحاڵییە كە خودی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پشتگیرییەكی تەواوی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتییەكان لەسەر ئاستی ئاسیا.