سهرهتا وتار بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەک قۆناغی تاکتیکی
کاروان کەریمخان
عیراق جوگرافیایەکی نالەباری ئیستیعمارزادەیە و ساختەگییە و تێیدا کورد قڕان کراوە و سەرچاوەکانی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بە تاڵان براون بۆیە کورد ههرگیز عێراقی نەبووە و نابێتە عێراقی. بەو ڕابردووە تاڵەوە سوور دەزانین کە داد و ژیان لەو بوونەوەرە سەقەت و نەزۆک و دواکەوتووە لەدایک نابێت، بەڵام ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ڕیالیزمدا کورد کارتی هەڵبژاردنیش لەگەڵ عيراقی بیانی تاقی دەکاتەوە و بەو هەڵوێستە فەرهەنگی بەرزی پێکەوەژیان نیشانی جیهان دەدات. کورد بە پڕۆسەی دێموکراسی مەشرووعیەت دەداتە بوون و هەڵوێستی خۆی و دەڵێ کورد لە کەس لە هەنجەت و بیانوو نیە. لەو قۆناغەدا گەلی کورد بە ئامرازی هەڵبژاردن هەوڵ دەدات مافە نەتەوەییەکانی خۆی بسەلمێنێت. بە تایبەتی بەو کارە ڕەنگە بتوانێ خزمەتێکی تر بە ناوچە داگیرکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن میلیشیاکانی عێراق بکات.
بەو تێڕوانینە واقیعییە بەشداریی کورد لە هەڵبژاردن هیچ پارادۆکسێکی لەگەڵ ئامانجی ستراتیژیکی سەربەخۆیی کوردستان نییە. بەو بەشدارییە دێموکراتیکە بە لیستی جیاوازیشەوە ئەوە نیشان دەدەین کە کورد پلۆرالیزمی لەلا پەسەندە و بە چەندین حزبی کوردی بە جیا لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکات. بەو جۆرە ئەوە بۆ جیهان دەسەلمێنین کە ئێمە نەک هەر هێزی تێکدەر نین، بەڵکوو کورد بە فەرهەنگی پێکەوەژیان لەگەڵ ڕووحی دێموکراسیدا باشتر لە گەلانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوین دەسازێت. بەڵام پێویستە ئەوانیش لە خەوی گرانی غەفڵەت هەستن و بزانن کە لە عێراقێکی دەستکردی فرەنەتەوە و فرەفیرقەی پڕ لە فەرق و جیاوازیکاری، ئەویش بەو بەستێنە مێژوویی و کەلتوورییەوە، نەتەوەیەکی نوێی یەکدەستی وەک دەوڵەت-نەتەوەی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانیی دووەم قەت ساز نابێت و ئاکامەکەی مقەستە بوونە.
بەو حاڵەشەوە هیوادارین هەڵبژاردنی ئەم جارەش ببێتە قۆناغێکی تری یاسایی بۆ ئەوەی سەربەخۆیی کورد لە عێراق باوەڕمەندتر و بەڵگەمەندتر بێت. بەو تێڕوانینە و بە خوێندنەوەی دۆخی جیۆپۆلیتیکی پێویستە پێ بە پێ لەگەڵ سیاسەتی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، کە لە هەموو قۆناغە مێژووییە هەستیارەکاندا جێی متمانە و سەربەرز بووە، هەنگاو بنێین. لێرەدا گرینگترین شت ئەوەیە بە ئومێد و بە ڕێژە و قەبارەیەکی زۆرەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەشدا بکەین و هەر دەنگێک بە قەڵغانێکی بەرگری لە خۆمان و هەر ڕەئیەک بە ڕێگەیەکی ڕزگاری و ئازادی دابنێین. بەو ئاواتەی زایەڵەی ئەو دەنگانە ببنە مژدەی سەربەخۆیی کورد و ڕزگاربوون لە شوناسی ناڕەسەنی عێراقی.
بەو تێڕوانینە هاودەنگی جەنابی سەرۆک دەبین و دەنگ دەدەینە لیستی (275)ی پارتی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی پڕ بە دەنگ و بێباکانە هاوار بکەین بڵێین مەرجی ئێمە بۆ مانەوە و “سازان”، “هاوبەشی” و “هاوسەنگی”یە. هەروەها گرینگە وەک تاکێکی پێگەیشتوو بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک لە ئاوێنەی خۆماندا کەسی لە ئاستی خۆماندا ببینینەوە و شیاوترین کەسی ناو لیستەکە بە پێوانەی پسپۆڕایەتی و سەنگی بەڵێندارییەتی هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی پرەستیژ و توانای کوردان لە ئاستی جیهاندا بەرزی بنوێنێ. هیوادارین کاندیدانی کورد خۆیان بە وەکیلی دڵسۆزی خەڵک دابنێن و بوێرانە بەرگری لە مافی کورد بکەن و لە ڕووی کەسایەتییەوە ببنە سەفیری فەرهەنگ و شارستانییەتی جوانی کورد و ببنە جێی شانازی نوخبە ڕاستەقینەکان و ببنە جێی ئومێدی گەل.