بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە دووپاتکردنەوەى بانگەشەى ئارام و شارستنییانە دەکاتەوە و بەو هۆیەوەش پەیامێکی ئاراستەى جەماوەرى حزبەکە کردووە.
زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دوو، بۆ جەماوەرى پارتی دەڵێ: دڵسۆزی و خەمخۆری و پەرۆشیتان، جێگای ڕێزە و هەمیشە شانازی بەو دڵسۆزییەتان دەکەین کە بەشدارێکی کاران لە بانگەشە بۆ لیستەکەی خۆتان بە ژمارە ٢٧٥ و ئامادەکاری دەکەن بۆ کەرنەڤاڵی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
دەشڵێت: داواتان لێ دەکەین بەوپەڕی ئارامی و بە شێوازێکی شارستانی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، دوور بکەونەوە لە هەر جۆرە کارێکی نایاسایی و ناشارستانی بە گرتنی شەقام و دروستکردنی پشێوی لە شەقامەکانی شارە ئازیزەکەمان، دەروونی خەڵک و پاراستنی ئارامی شار، لە گرنگترینەکانە و داواکارین تەواوی ڕێنماییەکانی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر جێبەجێ بکەن و ببنە بەشێکی گرنگ لە هاوکاریی دەزگا پەیوەندیدارەکان .
بڕیارە ڕۆژى ١١ى ١١ى ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە ناو بانگەشەوە.