خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەند عوسمان جەمیل، خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە و دەستپێکی کارە هونەرییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خوێندن لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات یەکەم کاری هونەری کارێکی شانۆیی بووە بە ناوی (هەناسە گەرمەکان), خاوەنی چواردە کاری هونەرییە لە بواری سینەما و شانۆدا. لە دیدارێکدا بۆ رۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.
سینەما و شانۆ کامیان چێژ بەخشترە بۆ نواندن؟
هەمیشە شانۆ چێژی زیاترە، چونکە لە شانۆدا راستەوخۆ بەر هەستی بینەر دەکەویت، واتە ڕۆچوونی ئەکتەر لە پێناو دیدی بینەرەکانییەتی کە راستەوخۆ بەر کاردانەوەی کارەکتەر دەکەوێت، لە کاتی ڕووداو و ململانێی نێو تێکستە شانۆیەکە. بۆیە کارەکتەر لە شانۆدا هەمیشە لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی رۆحیدایە لە پێناو بەدەست هێنانی دڵی بینەرەکانی، هەڵبەتە ئەمەش بە خوێندنەوە و خۆماندووکردنی ئەکتەر بەدەست دێت بۆ رۆڵەکەی بە هاوکاری دەرهێنەر و پێویستییەکانی بەردەست دەبێت، بەڵام لە سینەمادا نواندن بۆ چاوی کامیرا دەکەیت، واتە بەرکەوتەی ئامێرێکی بێ رۆح دەبیت، لە هەمان کاتیشدا دەتوانیت بۆ چەندین جارێک دووبارەی بکەیتەوە تا دەرهێنەر بەدڵی دەبێت، ئەگەرچی سینەما دەچێتە هەموو ماڵێکەوە بەڵام شانۆ هەمیشە چێژی زیاترە.
شانازی بەکام کاری هونەری خۆتەوە دەکەیت؟
هەموو کارەکانی خۆم خۆشدەوێت، چونکە بە دڵ کارم بۆ کارە هونەرییەکانم کردووە و هەوڵمداوە لە هەموو کارەکاندا جیاواز دەرکەوم و هەموو رەهەندەکانی رۆڵەکەم لەبەرچاو گرتووە تاوەکو سەرکەوتووبم، بەڵام لە شانۆیی باڵندەی کامەرانی شوان کەریمدا رۆڵەکەم زۆر جیاوازە وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی دەردەکەوم. لە ئێستادا ئەوەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە کاری کۆمیدی قورسترە لە تراژیدی، ئەگەرچی ئەکتەری کۆمیدی زووتر دەچێتە دڵی بینەرانەوە، چونکە هەمیشە بینەر ئاسانتر پێدەکەنێت لەوەی بگریت بۆ دیدەنی رۆلەکەت.
لە نێوان کاری دەرهێنان و نواندن کامیان هەڵدەبژێریت؟
ئەگەرچی کاری دەرهێنانم ئەنجامداوە بۆ کارێکی شانۆیی منداڵان بە ناوی گورگ و زارا، بەڵام وەک خۆم دەتوانم بڵێم کاری دەرهێنان پێویستە وەکوو پزیشکێکی نەشتەرگەریی گشتی بێت، تاوەکوو هەموو لایەنەکانی نواندن و دەرهێنان شیبکەیتەوە، بەڵام نواندن تەنیا پەیوەستی بەو رۆلەیە پێت دەسپێردرێت تاوەکوو رۆڵەکەت ببینیت، جگە لەوەی هەمیشە کاری نواندن چێژ بەخشترە لە کاری دەرهێنان، بۆیە من نواندن هەڵدەبژێرم بەسەر دەرهێناندا.