
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی دیكە بەربژێر دەكرێتەوە و داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات، متمانەی پێ بكەن تاوەكوو بەرگرییان لێ بكات.
سیپان شێروانی، بەربژێری ژمارە ١٨ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی جەماوەری پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانی كردووە، رای گەیاندووە: ”لەو ڕۆژەوەى چاوم کردووەتەوە، لە ژیانێکى پێشمەرگانەدا و لە ئاوارەیى لە دایک بووم، بە قووڵی نەهامەتییەکانى سەر گەلەکەم و دەرئەنجامە تاڵەکانى ئەنفال و جینۆسایدم بینیون، دەزانم چ برینێک لە جەستەى مێژووماندایە.“
هاوكات ئەوەی خستووەتە ڕوو كە ”پشتیوان بە خواى گەورە، ئێوەى خۆشەویست و بە باوەڕ هەبوون بە ژیانێکى شایستە و سەربەرزانە لە پێناو خزمەتى کوردستان، بە رێنوێنیى رێبازى پیرۆزى بارزان و سەرۆکى هێژامان سەرۆک بارزانى، بەربژێربوونی خۆم لەسەر لیستى پارتی دیموکراتى کوردستان رادەگەیەنم.“
لە كۆتاییشدا داوای لە جەماوەری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووە، ”متمانە لە ئێوە و بەرگری لە ئێمە، خواى گەورە کوردستانمان بپارێزێ و پشتیوانمان بێ لە بەرگریكردن لە مافەكانمان.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان، دێرینترین حزبی رەسەنە لە كوردستان و عێراق كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هاوشانی خەباتی نەتەوەیی، لەپێناو مافە رەواكانی گەلی كوردستان، لەو باوەڕەدا بووە كە نەبوونی دیموكراسی كێشە سەرەكییەكەی عێراقە، بۆیە هەمیشە هەڵوێستێكی نەگۆڕی بۆ بەدیموكراسیكردنی عێراق و كۆتاییهێنان بە تاكڕەویی كەسی یان تاكڕەویی پێكهاتەیەكی دیاریكراو هەیە.